بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كەمال كەركووكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: هەرچەندە بڕیاری بەشداری كردنمان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق داوە، بەڵام ئێستاش وەكوو پارتی لە بژاردەی ریفراندۆم پەشیمان نین، بۆ یەک ساتیش لێی پاشگەز نابینەوە و دەستی لێ هەڵناگرین، كاریشی بۆ دەكەین.
ناوبراو وتیشی:" ئەستەمە عێراق ببێتە وڵاتێكی دیموكراسی، بۆیە چارەنووسی ئەو وڵاتە ئەوەیە سێ دەوڵەتی دراوسێی باشی لێ دروست بكرێت (كورد – سوننە – شیعە) و هەر نەتەوە و دەوڵەتی خۆی هەبێت".
لە بارەی هۆكاری بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی وتی: "عێراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و وەرچەرخانێک هەیە بۆ پڕۆسەی سیاسی، بۆیە بەشداری كردنی پارتی بۆ ئەوەیە رێگە بگرین لەوەی بەغدا بەرەو دیكتاتۆرییەتی سیاسی بچێت".
سەرچاوە: SNN
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment