بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەیادە نەججار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکیدا وتوویەتی: حکوومەتی بەغدا هەموو زانیارییێکی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە بەوەی رۆژانە ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، روونیشی کردۆتەوە کە لەو برە نەوتە هەرێم تەنیا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ دەمێنێتەوە بەوپێیەی ١٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دەچێت بۆ هەقدەستی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار بەرمیلیش بۆ بەکاربردنی رۆژانە دەوێت.
پەڕلەمانتارەکەی پارتی سەرسووڕمانی خۆی دەربڕیوە لەوەی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی بەغدا داوا دەکەن هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای نیشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق بکات، لەکاتێکدا هەموو داتاکانیان لەبەردەستە و دەزانن هەرێم ئەو توانایەی نییە.
بەقسەی نەججار ئەو ئەو لێدوانانە بەشێکن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆئەوەی لەوڕێگایەوە شکستهێنانیان لە خزمەت کردنی شەقامی عێراقی پێ دابپۆشن، هەروەک چۆن هۆشداریشی داوە لەوەی هەوڵدان بۆ تیپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە بەزۆرینە مەترسیی لەسەر سەقامگیری ئەمنیی و سیاسیی و ئابووری عێراق درووست دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment