جەنگی: جێبەجێ کردنی لامەرکەزی مەرجی مانەوەمانە لە حکوومەتدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، مەلەفی نەوت شەفاف نییە و لەگەڵ ئەوەدان ئەو مەلەفە بە بەغداوە ببەسترێتەوە، دەشڵێت، "سورین لەسەر جێبەجێکردنی لامەرکەزی و ئەوە مەرجی مانەوەمانە لەم کابینەیەدا."

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەممە، 15ی ئازاری 2021 لاهوور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا گرنگە و رێککەوتنەکەمان تەنیا بۆ بودجە نابێت، بەڵکو چەندین کێشەی ترمان هەیە لەگەڵ بەغدادا."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە لەگەڵ بەغدا کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانمان هەیە، کە ئەویش لە رێگەی پەنابردنە بەر دەستور و خەباتی سیاسی و پەرلەمانییەوە چارەسەر دەبێت."

لەسەر مەلەفی نەوتی هەرێمیش هاوسەرۆکی یەکێتیی دەڵێت، "ئەو مەلەفە شەفافییەتی تێدا نییە و پێویستە چاکسازییەکی تەواوی تێدابکرێت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو مەلەفە بە بەغداوە ببەسترێتەوە."

لەبارەی لامەرکەزیشەوە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو پرسە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دەمانەوێت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێ بکرێت نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی."

راشیگەیاندووە، "لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و یەکسانی و هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم پارێزگاکان دروستدەکات و لەو رێگەیەشەوە خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە هاوڵاتییانی هەرێم دەکرێت."

لاهور جەنگی جەختیش دەکاتەوە، "سورین لەسەر جێبەجێکردنی لامەرکەزی و ئەوە مەرجی مانەوەمانە لەم کابینەیەدا."

ئەم وتانەی هاوسەرۆکی یەکێتیی لەکاتێکدایە، ئەو حزبە بە فەرمى و کرداریى لە ناو حکومەتدایە و بەشدارە لە تەواوى بریارەکانى ناو حکومەتى هەرێم و خاوەنى دەسەڵاتە هاوکات، پشکیان هەیە لە پارە و داهاتى نەوت و وەریدەگرن.

تەنانەت سەرۆکی شاندى دانوستانکاری هەرێمیش بۆ بەغدا لە حزبەکەی هاوسەرۆکی یەکێتییە، کە جار جار لە میدیاکانەوە راگەیەنراوى جیاواز دەردەکات، لەکاتێکدا بە فەرمى لە ناو حکومەتدایە.

News Code 1322

Your Comment

You are replying to: .
captcha