کوردپرێس- پێشڕەو عەبدوڵڵا، براوەی یەکەمی بەشی توێژینەوە بوو لە خولی عەفرینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. پێشڕەو دەڵێ "لە ماوەی سێ رۆژدا ئامادەکەرانی فێستیڤاڵەکە زۆر ماندوو بوون، دەستخۆشییان لێدەکەم، ھەڵسەنگاندنەکانیشیان زانستییانە بوون لێیان رازین".
لەکۆی 36 توێژینەوە، کە بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردبوو، توانرا خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێییەم بە شەش توێژەر بدرێت. لە کۆی 60 چیرۆکیش تەنیا شەش چیرۆکنووس خەڵاتیان بەدەست ھێنا، لە کۆی 68 تێکستی شیعریش تەنیا خەڵات بە چوار شاعیر درا، ئەوانیش بە دووەم و سێیەم، بەڵام خەڵاتی یەکەم لە شیعردا، نەدرایە ھیچ بەشداربوویێک.
ئازاد حەمە، دادوەری تێکستە شیعرییەکانی خولی 21ـەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەڵێ "ئەوانەی شیعریان ناردبوو، شیعرەکانیان لە رووی رێزمانی و وێناکردنی شیعرەوە زۆر لاوازبوون، ھەر ئەوەیش وای کرد ئێمە نەتوانین ھیچ تێکستێک بە یەکەم ھەڵبژێرین".
ئەگەر فێستیڤاڵەکە بۆ بەشداربووانی چیرۆک و توێژینەوەکان جێگای دڵخۆشی بووبێ، بۆ شاعیران جێگەی رەخنە و گومان بوو.
شەھرام موژەبری، وەرگری خەڵاتی دووەمی شیعر لە فێستیڤاڵەکە دەڵێ "خۆ ئەوان نەھاتوون تێکستەکان بە شاعیری گەورە شێکۆ بێکەس و نالی بەراورد بکەن، ئەوانەی شیعریان نووسیوە تێکستەکانیان باش بوون و، بۆ ئەو ئاستەش دەبوایە خەڵاتی یەکەم دیاری بکەن، کە نەیشیان کردووە، ئەوە پرسیارە لە سەر فێستیڤاڵەکە دروست بووە".
فێستیڤاڵی گەلاوێژ ھەرچەندە نزیکەی پێنج مانگ دواخرا و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ماوەکەی لە پێنج رۆژەوە کرایە سێ رۆژ، بەڵام وەکوو رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بۆ دەکەن: ئەوان ھەر سوور بوون لە سەر ئەوەی لە ناساندنی ئەدەب و کولتووری کورد بە وڵاتانی دونیا دانەبڕێن.
Your Comment