لە ساڵی نوێدا خەڵک دڵنیا دەکەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ بە ئاماژەدان بەوەی کوردستان لە لێواری کارەساتدا نییە وەک هەندێک کەس وا باوەڕ دەکەن، گوتی: "بەڵکو بە دیالۆگی تەندروستیانەی ناوخۆیی و بە یەکگرتوویی دەتوانین کوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویێکی گەشتر نزیک بکەینەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت: حەز دەکەم دڵنیاتان بکەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، بە هاوکاری خۆڕاگری هەمووتان هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە، لە کانگای دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئێش و ئازارتان، ئەو بارە ئابووریە سەختەی هەیە گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.

بەشێک لە پەیامی نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی

کوردستانیانی خۆشەویست جەژنە پیرۆزەو سڵاوو رێز و خۆشەویستیم پێشکەش بە گەورە و بچووکی گەلی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم لە هەر کوێیەکی دونیا بێت، نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی لە هەمووتان پیرۆزبێت.

بەڕێزان ...

کوردستان لە لێواری کارەساتدا نییە وەک هەندێک کەس وا باوەڕ دەکەن، بەڵکوو بە دیالۆگی تەندروستیانەی ناوخۆیی و بە یەکگرتوویی دەتوانین کوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویەکی گەشتر نزیک بکەینەوە.

هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لە لایێک، ناتەبایی سیاسی ناوخۆ، کێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا لە لایێکی دیکەوە، هەروەها بەهۆی کێشەی ئابووری لە جیهاندا، تووشی زۆر سەختی بوو لە هەمووشیان ناخۆشتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن بەغداوە، لە هەمووی گەورەتر تەبعەن کێشەی ئابووری بووە، بەڵام حەز دەکەم دڵنیاتان بکەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، بە هاوکاری خۆڕاگری هەمووتان هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە، لە کانگای دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئێش و ئازارتان، ئەو بارە ئابووریە سەختەی هەیە گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.

سڵاوی گەرم و جەژنە پیرۆزە بۆ ئاوارەکانی کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و ناوچەکانی دیکە و دانیشتوانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، جەژنە پیرۆزە بۆ کوردانی فەیلی و کاکەیی و شەبەک کە بێگومان ئەمڕۆ لەگەڵ گڕی نەورۆزدا هەستی نەتەوەییان لە هەموو رۆژێک بەرزترە، جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو پەنابەرە کوردانە پیرۆز دەکەم کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، هیوادارم بتوانن بەشێوەیێکی سەربەرزانە لە داهاتوویێکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سڵاو لە تورکمان و کریستیانانی کوردستان، بەڕاستی پێکەوەژیان و بەشدارییان لە بەرگریکردن و خۆراگریان لە کوردستان جێگەی رێز و ستایشە.

سڵاو لە برایانی عەرەبی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، ئێمە لەو رۆژەدا بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەییەکان دەڵێین وەک هەمیشە سوورین لەسەر پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەی یەکسان لە هەرێمی کوردستاندا.

لەم دەرفەتەدا سڵاوی خۆم پێشکەش بە گەلی عێراقی برا دەکەم، بەگشتی پێیان دەڵێین باری سیاسی وڵات هەرچۆنێک بێت و پەیوەندی نێوان حکومەتەکان بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە هەمیشە هەر بە برایی دەمێنینەوە، عێراق خاوەنی سامانێکی سروشتی و مرۆیی گەورەیە، دڵنیاین بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە بنەڕەتییەکان و بە باشترکردنی باری وڵات و بەڕێوەبردن، عێراق بەرەو گەشاوەیەکی باشتر دەچێت کە جێگەی چاوەڕوانی گەلی عێراق بێت.

سڵاو دەنێرم بۆ هەموو گەلانی دراوسێی کوردستان، لەم بۆنەیەدا دووبارەی دەکەمەوە خەباتی کوردستان لە عێراق هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک نەبووەو نابێت بۆ هیچ وڵاتێک، بە پێچەوانەوە سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە عێراق تەنها خۆشی بۆ ئەوان دەهێنێت، پەیامی ئاشتی و ئارامی دەدەینە هەموو گەلانی ناوچەکە و دڵنیایان دەکەینەوە ئێمە مایەی ئارامین بۆ ناوچەکە.

لە کۆتاییدا جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە جەژنی نەورۆز دەگرن، لە جەژنی نەورۆزدا رێز و ستایشی خۆمان بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گەل و کەسایەتیانە دەردەبڕین کە رێز لە ئیرادەو ئارامی گەلی کوردستان دەگرن، سڵاو دەنێرم بۆ ئەو قونسڵخانە و رێکخراوانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا هاوکاربوون لەگەڵ حکومەت و گەلی کوردستان.

دووبارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکەم لە دەرچوونیان و سەیرانەکانیاندا ژینگەو پاک و خاوێنی و سروشتی کوردستان بپارێزن، هەروەها لە پێناو سەلامەتی خۆیان و دەوروبەریان رێنماییەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن، دیسانەوە جەژنی هەمووتان پیرۆز بێت و هیوای پشوویەکی ئارامتان بۆ دەخوازم.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12743

Your Comment

You are replying to: .
captcha