بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەکر بووزداغ وتەبێژی حکوومەتی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی کردە دواهەمین گۆڕانکارییەکانی شەڕی عەفرین و وێڕای وتنی ئەوەی ناوەندی عەفرین لەلایەن هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا و سوپای تورکیاوە کۆنترۆڵ کراوە وتیشی: بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان لەو ناوچانەی لە تیرۆر پاکسازی کراونەتەوە دەس دەجووڵێنین. ئەوڕۆ ١٠٣هەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتن لە شەڕی چاناک قەڵایە و عەفرینیش لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوە. گرووپە تیرۆریستییەکان و سەرچاوەی تاریکی دەسەڵاتیان دیسانەوە شکستیان هێنا.
ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد تورکیا ئێستا چۆتە ناو قۆناغێکی نوێوە و ڕوونی کردەوە؛ ناوەندی عەفرین وەکوو شارێکی گەورە کۆنترۆڵ کراوە. هێشتا پاکسازیی شارەکە لە بۆمب و تەڵەی تەقینەوە درێژەی هەیە و کارمان تەواو نەبووە. سەرەتا عەفرین پاک دەکەینەوە و پاشان دەچینە ناوچەکانی سەر بە عەفرین و کۆنترۆڵیان دەکەین. پاش کۆتایی پاکسازییەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی ژیانی هاووڵاتیان دەس دەجووڵێنین و ژێرخان و ڕووکاری شار دەبووژێنینەوە. هەوڵی پێویست بۆ دابین کردنی خۆراک و دەرمان دەدەین. ئەمەش واتە هێشتا کارمان ماوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا پاشان دەریبڕی: کاری تیرۆریستان لە عەفریندا تەواوە. ئەو زوڵم و فشارەی لەسەر خەڵکی عەفرین بوو کۆتاییی پێهاتووە. پرۆژەی دەوڵەتی تیرۆر و کۆریدۆری تیرۆر ئێستا ئیدی لەناو چووە.
سەرچاوە: هەواڵدەریی دۆغان
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment