پێوەندیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- محەمەد سەعید ئیدریس نووسەری ڕۆژنامەی «الاهرام»ی میسر لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی «المسلە»ی عێراقدا بڵاوی کردۆتەوە پێوەندیی هەڵبژاردنەکانی عێراقی لەگەڵ ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە تاوتوێ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدریس لەو وتارەدا دەنووسێت: پاش چوونە دەرەوەی سەربازە ئەمریکەییەکان لە عێراق لە ساڵی 2011، جارێکی دیکە بە بیانووی شەڕی داعش بۆ ئەو وڵاتە گەڕانەوە.

ئەمریکا وەکوو سەرکردەی هاوپەیمانان لە شەڕی داعش بۆ ڕزگار کردنی ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی ئەو گرووپە ئامادە بوونی خۆیان لە عێراق بەسراو بە بوونی داعش لەو وڵاتە ڕاگەیاند بەڵام پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەوەیە کە پاش نەمانی داعش لە عێراق ئەمریکییەکان چ کاتێک ئەو وڵاتە بەجێ دێڵن؟

جیمز ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە یەکەم سەردانی خۆیدا بۆ عێراق لە ڕێکەوتی 20ی فێبریوێریی 2017 لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا جەختی کردە سەر دوو پرسی گرینگ کە یەکەمیان ئەوە بوو کە ئەرتەشی ئەمریکا بۆ کونترۆڵی بەشێکی دیاری کراو لە عێراق نەهاتووە، کە ئەوەش پاساو هێنانەوە بوو بۆ وتەکانی ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پشکی ئەمریکا لە نەوتی عێراق کە ببووە هۆی تووڕە بوونی عێراقییەکان. ترەمپ لە وتەکانی خۆیدا ڕەخنەی لە ئۆباما گرتبوو کە بۆ چی لە عێراق پاشەکشێی کردووە.

ئەوەی کە ئەمریکییەکان بە شەفافییەتەوە باسی لێ ناکەن بەرنامەی ستراتێژیی ئەمنیەتیی ئەمریکایە بۆ مانەوە لە عێراق و سووریا و بەرەنگار بوونەوە هەمبەر ئێران، چین، ڕووسیا و کوریای باکوورە.

ئەوەی کە ئاشکرایە پاش شکستی داعش ئەمریکا بۆ سنووردار کردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە مایەوە و ئێران و هاوپەیمانانی باش لە مەترسیەکانی مانەوەی ئەمریکا تێدەگەن.

ئێستا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکا و ئێران سەبارەت بەو پرسە ڕووبەڕووی یەک دەوەستنەوە و ئایا ئەو وەستانەوەیە چ کاریگەرییێکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەیە؟

ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق ئێستاکە پرسی سەرەکیی کاریگەر لەسەر هەڵبژاردنەکان و دەرەنجامەکانی دێتە ئەژمار و چارەنووسی عێراق بەسراوە بە مانەوە و نەمانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتەدا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 12456

Your Comment

You are replying to: .
captcha