به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم به‌رپرسی پێوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیی سووریا (TEVDEM) که هاوکات هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD)یه وتوویه‌تی: به‌رخۆدانی عه‌فرین شکست ناهێنێت و تورکیا ناتوانێت ئه‌و ناوچه‌یه داگیر بکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ناوچه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ستی تورکیا له باکووری سووریا ڕۆژێک له ڕۆژان ئازاد ده‌کرێن.
موسلیم به فورات نیووزی وت: به‌رخۆدانی خه‌ڵکی عه‌فرین شکۆداره. تورکیا به هیچ له‌ونێک ناتوانێت سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنێت. له ناوچه‌ی جرابلۆس و باب ته‌نها کورد نیشته‌جێ نین. ئه‌و ناوچانه تێکه‌ڵاون. ڕۆژی ئه‌وانیش دێت. که‌س بێده‌نگ نابێت. ناکرێت ئه‌و ناوچانه له بنده‌ستی تورکیادا بن.
ناوبراو هه‌روه‌هاش ده‌رباره‌ی ڕێککه‌وتنی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا بۆ ناردنی هێزی به‌رگری له عه‌فرین وتی: ئێمه به‌رده‌وام وتوومانه به‌شێکین له خاکی سووریا. ئێمه به‌نیاز نین له سووریا جیا ببینه‌وه. ئه‌وان ئه‌رکێکیان هه‌یه. پاراستنی سنووره‌کان په‌یوه‌سته به حاکمییه‌ته‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌وان به قه‌دری پێویست ده‌ربایست نین.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی له میدیاکاندا ڕاگه‌یێندرا تا ئێستا هێزه‌کانی سوپای سووریا نه‌چوونه‌ته ناو عه‌فرین و ته‌نیا ژماره‌یێک له هێزه مه‌ده‌نییه‌کانی پشتیوانیی ده‌وڵه‌ت ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه کراون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment