کوردپرێس:
ئەمین مورادی بەڕێوەبەری حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کورتە فیلمی "تەعدیل" بەرهەمی حەوزەی هونەرییە کە کەیوان سەروەری کاری دەهێنان و نووسینی بۆ کردووە و ئەو کورتە فیلمە بۆ فستیڤاڵی فیلمی خوێندکاریی Dirigo international film festival بەریتانیا پاڵێوراوە.
مورادی زیادی کرد: خولی شەشەمی فستیڤاڵی فیلمی خوێندکاری لە بەریتانیا بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ڕۆژی 27ی کانوونی دووهەمی 2020 براوە و یەکەمەکانی ئەو فستیڤاڵە دەستنیشان بکرێن.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کورتە فیلمی تەعدیل مەسەلەی دابەزاندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بە ئامانجی سەرەکیی خۆی و چیرۆکی دوو برادەر و هاوکار دەگێڕێتەوە کە بە هۆی ڕووداوێکەوە دەکەونە هەلومەرجێکی سەیرەوە.
کەیوان سەروەری لەدایکبووی ساڵی 1368ە. لە شاری سنە لەدایک بووە. خوێندکاری بەکالریۆسە لە بەشی سینەما و لە ساڵی 1387وە دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی فیلم و تا ئێستاش 4 کورتە فیلم و 3 بەڵگە فیلمی بەرهەم هێناوە.
یەکەم فیلمی سەروەری "شەڕ و ئاشتی" بوو کە توانیی بەشداریی فستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران و ئیسفەهان و هەمەدان بکات و لە چەندین فستیڤاڵدا خەڵات مسۆگەر بکات و لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداریی 40 فستیڤاڵی کردووە و لە ئیتاڵیا و سپانیا و بولگاریا و ئەمریکا و ئوسترالیا و هیندستان خەڵات کراوە.
Your Comment