پارتی هه‌ڕه‌شه‌ی كاركردن به‌ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات بەهۆی جێبەجێ نەبوونی داواکارییەکانی هەرێم لەبارەی بووجەی ٢٠١٨ی عێراقەوە حکوومەتی هەرێم کار بە ئەنجامەکانی ڕێفراندۆمەکەی ٢٥ی ٩ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجامی ریفراندۆم سڕكرا، به‌ڵام پارتی داوا ده‌كات كار به‌ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بكرێت و ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی گۆڕانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو پارتی بتوانێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت و ده‌شڵێت: "ئه‌و قسانه‌ بۆ سپیكردنه‌وه‌ی ڕووی خۆیانه‌و هیچی تر".

عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی سه‌ر به‌حزبه‌كه‌ی، داوایكردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌ی عیراق، كار به‌ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25ی 9ی 2017 بكرێت.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی پارتی، كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌SNNی ڕاگه‌یاند: له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕه‌سمی ڕێزی له‌بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی گرت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم و كارنه‌كردنی به‌ئه‌نجامه‌كانی، ئیتر چۆن پارتی ده‌توانێت دووباره‌ قسه‌ له‌سه‌ر كاركردن به‌ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بكاته‌وه‌.

وتیشی:" ئه‌گه‌ر پارتی یه‌ك تۆز ئازایه‌تی تێدابووایه‌، ده‌بوو دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌ندایه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو، ئه‌و حزبه‌ بتوانێت كارێكی له‌و جۆره‌ بكات".

كوێستان محه‌مه‌د پێیوایه‌، باسكردن له‌كاركردن به‌ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عیراقه‌و ده‌شڵێت: "بۆ هه‌ڕه‌شه‌و فشارخستنه‌ سه‌ر ناوه‌ندو سپیكردنه‌وه‌ی رووی خۆی، پارتی ئه‌و بانگه‌شانه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌رنا هیچی تر نییه‌".

News Code 11423

Your Comment

You are replying to: .
captcha