سه‌عدی پیره‌: به‌ لای یه‌کێتییه‌وه‌ که‌رکووک شارێکی داگیرکراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- گوته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌ڵێت: ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتی که‌رکووک به‌ شارێکی داگیرکراو ده‌زانین و پرسی کرانه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان یه‌کلایی بووه‌ته‌وه‌ و تاوه‌کوو 28ی مانگ ده‌بێت بکرێنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوته‌بێژی یه‌کێتی و به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌ی ڕووداوی ئه‌مڕۆی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ڕووداو وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاری دایه‌وه‌ که‌ گرنگترینیان پرسی کۆنگره‌ی یه‌کێتی، دۆخی که‌رکووک و هه‌ڵوێستی یه‌کێتی بوو بۆ ئه‌نجام‌دانی هه‌ڵبژاردن.

کاتی ئه‌نجام‌دانی گشتپرسی گونجاو نه‌بوو

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ سه‌ره‌تای قسه‌کانی به‌ به‌س کردن له‌ گشتپرسی و ده‌ره‌نجامه‌کانی ده‌ست پێکرد و گوتی: "له‌ پرسی گشتپرسی ئێمه‌ کارێکی ئه‌وتۆمان نه‌کردوووه‌ که‌ بخرینه‌ گۆشه‌یێک و دادگایی بکرین و هه‌نگاوێکیش نییه‌ دژی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. ئه‌وه‌ی که‌ که‌موکورتی ئێمه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسی و جوگرافیای سیاسی خۆمان چاوه‌ڕوانییه‌کانمان به‌رز بوووه‌ و پێچه‌وانه‌ی واقیع بوووه‌. پێمان وابوو له ‌کاتی به‌ڕێوه ‌چوونی گشتپرسی له‌ 2017 وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌تی ئێران و تورکیا وه‌ک ساڵی 91 و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان سه‌بر ده‌گرن".

گوته‌بێژی یه‌کێتی پێی وایه‌ کاتی به‌ڕێوه‌ چوونی گشتپرسی کاتێکی گونجاو نه‌بوو. زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هاتن و گوتیان مافی خۆتانه‌ به‌ڵام ئێستا به‌ڕێوه‌ی مه‌به‌ن و دوای خه‌ن و ئێران و تورکیاش به‌ ڕاشکاوی ده‌یانوت نابێت بکرێت.

سه‌عدی پیره ‌سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونیان له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتن یان شکستی گشتپرسی گوتی: "گشتپرسی له‌ ڕووی ژماره‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵک سه‌رکه‌وتوو بوو و زیاتر له‌ سێ ملیۆن که‌س ده‌نگیان دا به‌ڵام له ‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ پڕۆسه‌که‌ له ‌کاتێکی نه‌گونجاو ئه‌نجام درا".

له‌سه‌ر دیاری کردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان هێشتا ڕێک نه‌که‌وتووین

ئه‌مڕۆ سه‌رۆک وه‌زیران و جێگره‌که‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی کوردستان و کۆمیسیۆن کۆ بوونه‌وه‌ بۆ قسه ‌کردن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ چوونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و سه‌عدی پیره‌ له‌وباره‌وه‌ گوتی: "له‌ کۆبوونه‌وه‌ی حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و کۆمیسیۆن جۆرێک له‌ نزیکی هه‌بوو له‌باره‌ی ئه‌نجام‌دانی هه‌ڵبژاردن به‌ڵام له‌سه‌ر دیاری کردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان هێشتا بڕیار نه‌دراوه‌ و ڕه‌نگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای حیزبه‌کان. له‌ ئێستاوه‌ تاوه‌کوو مانگی 11 کات هه‌یه‌ و به‌ دڵنیایییه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆژێک ڕێک ده‌که‌وین به‌ڵام پێم وایه‌ ناکۆکیی گه‌وره‌ نییه‌".

گوته‌بێژی یه‌کێتی ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ حیزبه‌کان ده‌یڵێن که‌ وا هه‌مووی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌ جۆرێک له‌ موباله‌غه‌ی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر حیزبێک بڵێت من ئاماده‌ نیم بۆ هه‌ڵبژاردن ئه‌وا به‌و مانایه‌ دێت که‌ ئه‌و حیزبه‌ لاوازه‌ یان جه‌ماوه‌ری نییه. داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن داوای یه‌کێتی نییه‌ به‌ ته‌نیا، قسه‌ هه‌بوو که‌ هه‌ڵبژاردنی کوردستان بخرێته‌ پێش هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌ده‌ین عێراق وه‌ک به‌شێکی دۆڕاو و لاواز له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکات گوتمان هه‌ڵبژاردنی خۆمان ده‌که‌ین. موناقه‌شه‌ی ئێمه‌ و به‌غدا له ‌نێوان دۆڕاو و براوه‌دا نییه‌ ئێمه‌ هه‌ر دوو لامان له‌ شه‌ڕی داعش براوه ‌بووین، هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵسوکه‌وتێکی خراپ بوو. پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی مووچه‌خۆران و بایۆمه‌تری شتێکی باشه‌ به‌س دوو مووچه‌یی و فره‌مووچه‌یی ته‌نیا له‌ کوردستان نییه‌ به‌ڵکوو له‌ به‌غداش هه‌یه‌".

به‌ لای یه‌کێتییه‌وه‌ که‌رکووک ناوچه‌ی داگیرکراوه‌

گوته‌بێژی یه‌کێتی له‌ به‌شێکی قسه‌کانیدا به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی عێراق هه‌ڵه‌ ده‌کات که‌ له‌ دوای شه‌ڕی داعش خۆی به‌ براوه‌ ده‌زانێت گوتی: "ئه‌و ناوچانه‌ (که‌رکووک و خورماتوو) ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌رن. هه‌ڵسوکه‌وتی له‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن دژی ده‌ستووره‌، ئه‌وان وه‌ک داگیرکه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، له ‌کاتێکدا نابێت عێراق به‌ داگیرکه‌ر ببینین به‌ڵکوو سوپا و پێشمه‌رگه‌ و پۆلیسی فیدراڵ هاوسه‌نگه‌ری یه‌کن".

سه‌عدی پیره‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: "به ‌لای یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانیشه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ داگیرکراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین له‌و ناوچانه‌دا. ته‌وجیه کردنی خه‌ڵک بۆ جێهێشتنی که‌رکووک مه‌ترسییێکی گه‌وره‌یه ، ئێستا ئێمه‌ نزیکه‌ی 100 هه‌زار که‌سمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووکن که‌ ئه‌وه‌ به‌شێکی زۆری ده‌نگده‌رانن. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بکرێت به‌ ئاسمانه‌وه‌ ئێمه‌ کورسییێکمان دۆڕاندوووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت به‌شێک له‌و عه‌ره‌بانه‌ی ته‌عریب به‌ دۆکیۆمێنتی ساخته‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ که‌رکووک که‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی زیاتر کردنی کورسییێک له‌ دژی ئێمه، ئێمه‌ی خاوه‌نی 8 کورسی ڕه‌نگه‌ شتێکی که‌متر بێنین".

تۆمه‌تبار کردنی یه‌کێتی به‌ فرۆشتنی که‌رکووک و وه‌ڵامی سه‌عدی پیره‌

له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رچاو ده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کێتی بۆ که‌رکووکی فرۆشت و سه‌عدی پیره‌ له‌ وه‌ڵامدا گوتی: "یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ که‌رکووک به‌ ته‌نیا 6 کورسی هه‌بوو ئه‌مه‌ شتێکی زۆر زه‌ق بوو و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی ڕکابه‌ری یه‌کێتی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م بابه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و ئیدی یه‌ک ده‌ڵێ خیانه‌ته‌ و یه‌ک شتی دیکه‌. من له‌سه‌ره‌تاوه‌ وام وت که‌ پیرۆزبایی له‌و کاره‌ ناکه‌م به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هانا بۆ به‌کارهێنانی وشه‌ی خیانه‌ت نه‌به‌ن چوونکه‌ که‌ تۆ قسه‌ت کرد قسه‌ قسه‌ ڕاده‌کێشێت".

به ‌گوته‌ی سه‌عدی پیره، ئه‌وان ده‌بێت داوا له‌ یه‌کێتی بکه‌ن لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن و ڕوونکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ پێ بدرێت و یه‌کێتی ده‌بێت ڕوونکردنه‌وه‌ بدات. ئێستاش یه‌کێتی خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌".

کۆنگره‌ی یه‌کێتی ده‌توانێت کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ به ‌لایێکدا بخات؟

له‌ راپرسییێکی تۆڕی میدیاییی ڕووداو به‌و پرسیاره‌ی کۆنگره‌ی یه‌کێتی کۆتایی به‌ باڵباڵێنی نێو ئه‌و حیزبه‌ ده‌هێنێت؟ 86%ی به‌شداربوووان به‌ نه‌خێر وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌ و سه‌عدی پیره‌ گوتی: "منیش له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی به‌شداربوووانی ڕاپرسییه‌که‌ی ڕووداوم که‌ هه‌موو کێشه‌کانی یه‌کێتی به‌ کۆنگره‌ چاره‌سه‌ر نابێت. که‌س ناکۆک نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کۆنگره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی 3 بکرێت. له‌ ڕووی فه‌نییه‌وه‌ ئاماده‌ین ته‌نیا هه‌ندێ ورده‌کاریی ماوه‌".

سه‌عدی پیره‌ له‌باره‌ی هه‌وڵی لایه‌نێکی دیاریکراو بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی خۆی بباته‌ نێو کۆنگره گوتی: "کۆنگره‌ نابێت له‌ 1000 که‌س زیاتر بێت له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 500 که‌سیان دیارن کێن، له‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کانی کۆن و ئێستا، وه‌زیره‌کان، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان، ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند و به‌شێک له‌ پله‌داره‌کانی پێشمه‌رگه‌. ئه‌وه‌ی دیکه‌ که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ نزیکه‌ی 450 که‌س له‌ کۆمیته‌ و ڕێکخستنی مه‌ڵبه‌نده‌کان هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ نموونه‌ مه‌کته‌ب هه‌یه‌ 50 ئه‌ندامی هه‌یه‌ به‌ڵام دامانناوه‌ ته‌نیا 7 که‌س هه‌ڵبژێرن له‌ ناویاندا".

به‌رهه‌م ساڵح به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی په‌سند نه‌کرێت ده‌توانێت بێته‌ نێو کۆنگره

گوته‌بێژی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ کۆتاییی به‌رنامه‌که‌یدا باسی چاره‌نووسی به‌رهه‌م ساڵحی کرد له‌ نێو یه‌کێتی و گوتی: "به‌رهه‌م ساڵح تا ئه‌م کاته‌یش ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی قبووڵ نه‌کراوه‌ به‌ڵام عه‌مه‌لییه‌ن که‌سێک حیزبێکی دیکه‌ی ڕاگه‌یاند ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ حیزبه‌که‌ی. پێم وانییه‌ خۆی بێته‌ نێو کۆنگره به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی قبووڵ نه‌کرێت ده‌توانێت بێته‌ ناو کۆنگره."

سه‌عدی پیره‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی قبووڵ ناکرێت زیادی کرد: "به‌رهه‌م ساڵح مه‌سره‌فێکی زۆریی تێدا کراوه‌، کادیرێک به‌ ئاسانی پێ ناگه‌یێندرێت، ڕاسته‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک شت ناکۆکیمان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ تینوو بین بۆ ئاوت کردنی یه‌کدی و زۆر به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری که‌س نابین".

کۆنگره‌ و باڵباڵێنه‌ی ناو یه‌کێتی له‌ دوای کۆنگره‌

سه‌عدی پیره‌ جارێکی دیکه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی ڕاپرسییێکی تۆڕی میدیاییی ڕووداو که‌ زۆرینه‌ پێیان وایه‌ دوای کۆنگره‌ باڵباڵێنه‌ له ‌نێو یه‌کێتی هه‌ر ده‌مێنێت و گوتی: "زۆر که‌س پێگه‌ی خۆی و ژیانی خۆی له‌ ڕێگای باڵباڵێنه‌وه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ چۆن ته‌رکی ده‌کات؟ هه‌ندێ که‌س پرسی ته‌که‌تول و باڵباڵێن له‌ خوێنیدایه‌، ئه‌وه‌ له‌ نێو هه‌موو حیزبه‌کانیشدا هه‌یه‌ له‌ جیهان و له ‌نێو یه‌کێتی به‌ زه‌قتر، چوونکه‌ له‌ نێو یه‌کێتی له‌ پێشتریش باسی فره‌ مینبه‌ری کراوه‌، ئێستاش ئه‌و جۆره‌ ئاراسته‌یه‌ هه‌یه‌ و هه‌ندێ که‌س تاوه‌کوو ئێستاش به‌کاری ده‌هێنێت".

فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان تاوه‌کو 28-ی مانگ ده‌بێت بکرێنه‌وه‌

به‌ گوته‌ی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه‌ به‌ڵام ڕۆژه‌که‌ی دیاریی نه‌کراوه‌.

سه‌عدی پیره‌ گوتی: "له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو که‌ له‌ کوه‌یت ده‌کرێت بۆ یارمه‌تی عێراق به‌پێی زانیاریی ئێمه‌ سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ئه‌و پرسه‌ به‌ دیاریی‌کراوی له‌گه‌ڵ عه‌بادی باس ده‌کات و پێی ده‌ڵێت که‌ خێر بکات له‌ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کان. ده‌بێت تاوه‌کوو 28ی مانگ فڕۆکه‌خانه‌کان بکرێنه‌وه‌ چوونکه‌ جه‌دوه‌لی فڕینه‌کان بۆ ساڵی داهاتوو داده‌نرێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11400

Your Comment

You are replying to: .
captcha