بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری وڵات ئێوارەوەختەی ئەوڕۆ چوارشەممە لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا دیداری کرد و وتی: ئەوڕۆکە ئیرادە و ویستی هەردوو حکوومەتەکە لەسەر گەشە و چڕکردنەوەی پێوەندی و هاوکارییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە وەکوو دوو وڵاتی دۆست و دراوسێ و برادەرە.
سەۆککۆمار وێڕای ئاماژە بە ئامانجی ٣٠ ملیار دۆلاریی پێوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و تورکیا باسی لەوە کرد کە پێوەندیی زۆرتری بانکی و بڕیار بۆ بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی لە ئاڵوگۆڕە بازەرگانییەکان و خێراتر بوون بۆ ێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکان دەتوانێت بزوێنەرێکی باش لە پێوەندییە ئابوورییەکانی تاران و ئەنقەرە بێت.
هەروەها ڕۆحانی وتیشی ئێران ئامادەیە لە بواری وزەوە لەگەڵ تورکیا هاوکاری بکات و پێشوازی دەکات لە سەرمایەدانەرانی تورک لەم دەڤەرە.
پاشان سەرکۆمار ئاماژەی بە لووتکەی سەرانی ئیسلامی لە ئەستەمووڵ و بڕیارەکەی ئەو لووتکەیە سەبارەت بە قودسی شەریف کرد و دەریبڕی: بڕیارەکە کاریگەریی لە دۆخی ناوچەکە بووە و دەبێ هەوڵ بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ پیلانی دوژمنان درێژەی هەبێت.
دکتور ڕۆحانی باسی لە دانیشتنی سێ قۆڵیی سووچیش کرد و بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ چارەسەر کردنی کێشە و قەیرانی ناوچەکە ناوی لێبرد و وتی: بەختەوەرانە ئەوڕۆ پێوەندییە سێ قۆڵییەکانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا کاریگەرییێکی باشی لەسەر دۆخی ناوچەکە هەیە و ئەمەش لە حاڵێکدایە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا پێویستی بە ڕاوێژ و هاوکاریی زیاتر هەیە.
سەرۆککۆمار لەسەر پێویستی بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم و هەموو داپەڕێک لەپێناو دابەش بوونی وڵاتانی ناوچەکە جەختی کردەوە و ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەوڕۆکە هەندێک دەیانهەوێ سنوورە جوگرافییەکانی ناوچەکە بشێوێنن و پاش شکست خواردن لە باکووری عێراق ئێستا ڕوویان لە باکووری سووریا کردوە و لەوێ پیلان دەگێڕن.
ڕۆحانی هەروەها دەریبڕی: ئێران ئامادەیە تاوەکوو لە بواری چارەسەر کردنی کێشە و قەیرانی ناوچەکە و لابردنی نیگەرانییەکان لە ناوچەکەدا هاوکارییەکانی خۆی و تورکیا بەربڵاو بکاتەوە.
وتیشی: ئێمە دەبێ لە ڕوانگەی ئایینی و ئینسانییەوە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ وەستانی خووێنڕێژی لە ناوچەکە بخەینە گەڕ چوونکە ئاوارە بوونی خەڵک تەحەموڵ ناکرێت.
سەرۆککۆمار بەرنگار بوونەوەی تیرۆریزم و چڕ کردنەوەی ئاسایش و سەقامگرتوویی لە ناوچەکەی بە گرینگ وەسف کرد و وتی: پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتان و ڕێگری لە گۆڕانی سنوورە جوگرافییەکان دەبێتە هۆکاری سەقامگیر بوونی ناوچەکە و دەبێ وا هەوڵ بدەین کە هیچ وڵاتێک لەلایەن دراوسێکەیەوە هەست بە نائەمنی نەکات.
باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل نایانهەوێت ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت و کێشەکانی چارەسەر بکرێت و بۆیەش تاران و ئەنقەرە دەبێ بۆ چارەسەر بوونی قەیرانەکان بەتایبەت لە سووریا زیاتر پێکەوە هاوکاری بکەن.
لای خۆیەوە مەولوود چاوش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیدارەکەدا پێوەندیی نێوان دوو وڵاتی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و وێڕای ئاماژە بە پێویستی پەرەپێدانی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی و ئاسانکاری لە پێوەندییە بانکییەکانی نێوان دوو وڵات وتیشی: ئەوڕۆکە پێویستە لە ڕێگای زیاتر کردنەوەی ڕاوێژەوە پێوەندی و هاوکارییەکانی تاران و ئەنقەرە چڕتر لە پێشوو بکرێنەوە.
ناوبراو بەهێز کردنەوەی پێوەندییەکانی ئێران و تورکیای بۆ ناوچەکە بە گرینگ زانی و زیادی کرد: دانیشتنەکەی لووتکەی ئەستەمووڵ بە هاوکاریی ئێرانەوە دەرەنجامێکی باشی مسۆگەر کرد و پیلانی دژ بە ناوچەکەی پووچەڵ کردەوە.
چاوش ئۆغڵوو وتیشی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە پیلانە نوێکانی لە ناوچەکە کارتێکردن لە پێوەندیی ڕوو لە گەشەی ئێران و تورکیایە و دەبێ بەرامبەری بەهێز بین و هاوکارییەکانمان لە ڕێبازی چارەسەر کردنی قەیرانەکان بەتایبەت لە سووریا بەردەوام بن.
ئاماژەی بەوەش کرد: بڕوامان وایە دەبێ لە بەرامبەر هەموو ئەو پیلانانەی سەروەریی خاکی وڵاتانی ناوچەکەیان کردۆتە ئامانج بەهێز و خۆڕاگر بین.
باسی لەوەش کرد: ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە باکووری سووریا کاتی و دژ بە تیرۆریستانە و ئێمە چاومان لە خاکی سووریا نەبڕیوە.
سەرچاوە: بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment