بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماهیر ئوناڵ وتەبێژی پارتی داد و گەشە و وتەبێژی ئەو پارتە لە لێدوانێکدا دەریبڕی: هەر لە سەرەتای پێکهاتنی کانتۆنەکان لە سووریا دژ بەو بابەتە بووین بەڵام هەندێک هەوڵی زۆریان دەدا ئەو ڕەوتە بەردەوام بێت. کاتێک هۆشدارمان دەدا و دەمانگوت "شەوێکیان لە ناکاو دێین"، گاڵتەیان لێدەهات. وایان دەزانی هیچمان لەدەست نایەت. ئێمە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتمان جێبەجێ کرد و ڕێڕەوی گرووپە تیرۆریستییەکانمان وەکوو خەنجەر دوو لەت کرد، ئێستاش لە عەفرین دەتوانین ئەو کارە بکەین.
لە درێژەی وتەکانیدا ناوبراو ئاشکراشی دەکات: کاتێک پاش قەڵغانی فورات باسمان لەوە دەکرد دەچینە ناو عەفرین وەها بیر دەکرایەوە کە ناتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین. ئێستاش پێمان دەڵێن ناتوانن ڕوو لە مەنبەج بکەن و بچنە ناوی، بەڵام بە ئیزنی خودا دەچینە مەنبەجیشەوە. بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و ڕێگری لە دزەی شەڕ بۆ ناو تورکیا تا لەناوچوونی دواهەم تیرۆریست شەڕ دەکەین.
سەرچاوە: هەواڵدەریی دۆغان
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment