سنووری پێشابوور بە ڕووی کوردستانی سووریادا کراوەیە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور ده‌ڵێت: خاڵی سنووریی پێشابوور بەردەوام کراوەیە و ھاوکارییش بە بەردەوامی بۆ سووریا و تەنانەت ناوچەکانی دیکەی سووریایش ڕەوانە دەکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لە ھەندێک میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایه‌ خاڵی سنووریی پێشابوور بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ سووریا داخراوە و ڕێگە بە گەیاندنی ھاوکاری نادرێت لە ڕێگەی ئه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌وه‌ بەتایبەت ئێستا کە هێرش بۆ سه‌ر عەفرین هه‌یه‌ و خەڵکیش پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە.

لەم بارەیەوە بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور، شەوکەت بەربوھاری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خاڵی سنووریی پێشابوور بەردەوام بە ڕووی سووریادا کراوەیە و بەردەوامیش ھاوکارییان بۆ ڕەوانە دەکرێت و بە شەو و ڕۆژ ھاوکارییان بۆ ڕەوانە دەکرێت. نزیکەی٣٠ ڕێکخراوی خێرخوازی بە ھەماھەنگی و پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بۆ کوردستانی سووریا ڕەوانە دەکەن و ئه‌م کاره‌ جگە لە کوردستانی سووریا بۆ ڕەقە و مەنبەج و دێرەزوور و شارەکانی دیکەی سووریاش ئه‌نجام ده‌درێت."

شەوکەت بەربوھاری گوتیشی: "ھەرچی پێداویستی ھەیە لە خواردن و خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی و تەنانەت کارەبایش بۆ سووریا ڕەوانە دەکرێت و ھیچ ڕێگرییێکیش نییە."

بەربوھاری سەبارەت بە عەفرینیش گوتی: "عەفرین لە ئێمەوە دوورە و ڕێگە بۆ ئەو شارە نییە لای ئێمە، چونکە لە نێوان حەلەب و عەفرین ڕێگا نییە، بۆیە تا ئێستا ھیچ ئاوارە و برینداری ئەوێ بۆ ئێمە نەھاتوون."

بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور دەنگۆی داخستنی سنوور به‌ پڕۆپاگنده‌ی نه‌یاران ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: ''چاویان بەوە ھەڵنایە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھاوکاریی پێشکەشی کوردستانی سووریا دەکات، ئینجا بوختان دروست دەکەن و باس لەوە دەکەن سنوور بە ڕووی کوردستانی سووریادا داخراوە."

وه‌ک بەربوھاری جه‌ختی كرده‌وه‌: "دۆخی سنوور زۆر ئارامە و ھیچ کێشەیێک لە ئارادا نییە و جموجووڵی بازرگانی و ھاتوچۆش بەردەوامە."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11244

Your Comment

You are replying to: .
captcha