ته‌نها مه‌رجی هاوکاریی تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا پاڵپشتی نه‌کردنی ئه‌و وڵاته‌ له‌ YPGیه‌

به‌شی تورکیا- ئیبراهیم كاڵن ڕای‌گه‌یاند وڵاته‌که‌ی ته‌نها به‌ مه‌رجێک سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی سووریا هاوکاریی ئه‌مریکا ده‌که‌ن که‌ واز له‌ پاڵپشتی کردنی YPG بێنێت و ئه‌و چه‌کانه‌ی بۆ ئه‌و گرووپه‌ی ناردوووه‌، لێیان بسێنێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم كاڵن گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا چۆن ده‌توانێت رێگری بکات له‌ ئه‌گه‌ری سووڕانه‌وه‌ی چه‌که‌کانی PYD/YPG‌/PKK به‌ره‌و لای تورکیا، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "ئه‌مریکا ئه‌وه‌ی ده‌بێت بیکات و هه‌نگاوی بۆ بنێت هه‌نگاوێکی جدییه‌. ئه‌ویش کۆ کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و چه‌کانه‌یه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا دراوه‌ته‌ ده‌ست PYD/YPG‌. چونکه‌ ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا مه‌عقوڵ بینرابا. چه‌ندین جار به‌ ئێمه‌یان گوت که‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش کۆتایی پێ بێت ئه‌وه‌ ئه‌م یارمه‌تییانه‌ نامێنن. ئێستا داعش نه‌ماوه‌. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ یارمه‌تیی سه‌ربازی و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ده‌درێته‌ ئه‌م گرووپانه‌. لێره‌ ده‌بێت ئه‌م پرسیاره‌ بکه‌ین. بۆ تا ئێستاش یارمه‌تییان ده‌درێت؟ ئیتر هه‌ڕه‌شه‌ی داعش نه‌ماوه‌. نازانن که‌ ئه‌م چه‌کانه‌ دژ به‌ ئێمه‌، عه‌ره‌به‌کان، تورکمانه‌کان و دۆسته‌ سوورییه‌کانمان به‌کار دێن؟".

کاڵن زیادی کرد: "ته‌نها له‌و ئه‌گه‌ره‌دا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی سووریا له‌گه‌ڵیان گفتوگۆ بکه‌ین".

ناوبراو وتیشی: بڕیاره‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا و دۆناڵد تره‌مپ هاوتا ئه‌مریکییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین له‌ ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گفتوگۆ بکه‌ن. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ داوای لایه‌نی ئه‌مریکایی ئه‌نجام ده‌بێت.

ئیبراهیم كاڵن ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا له‌ ناوچه‌ی عه‌فرینه‌وه‌ كه‌ له ‌ژێر كۆنترۆڵی PYD/YPG‌دایه‌ نزیكه‌ی 700 هێرش ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ هه‌ر دوو به‌ره‌كه‌ی سنووردا ئۆپه‌راسیۆن رێكخراوه‌.

سه‌رچاوه‌: حوڕییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10864

Your Comment

You are replying to: .
captcha