ده‌ستکه‌وت و زه‌ره‌ری ئه‌ردۆغان و په‌که‌که‌ له‌ وه‌رزێکی نوێی شه‌ڕ له‌ تورکیا

به‌شی جیهان- دوکتۆر مارگریتا کۆنایێڤ کارناسی باڵای پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین گرینگترین تایبه‌تمه‌ندیی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی په‌که‌که‌ و سوپای تورکیا به‌وه‌ ده‌زانێت که‌ شه‌ڕیان هێنایه‌ نێو شاره‌کان و بڕوای وایه‌ هه‌ر دوو لایه‌ن له‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌دا هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتیان بوووه‌ و هه‌ندێک زه‌ره‌ریشیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

کوردپرێس: له‌ دوایین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان په‌که‌که‌ و سوپای تورکیا که‌ پاش کۆتایی هاتنی ئاگربڕی دوو ساڵه‌ی ساڵی 2015 ڕووی دا به‌شێکی زۆر له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی شاره‌کان و به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ی سوور له‌ دیاربه‌کر و جزیره‌ ڕووخان و ژماره‌یێکی زۆری خه‌ڵکی ئاسایی و سڤیل گیانی خۆیان له‌ ده‌ست دا. دوکتۆر مارگیتا کۆنایێڤ ماسته‌ر له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی فلێچێر له‌گه‌ڵ کوردپرێس دیمانه‌یێکی کردوووه‌ و گرینگترین تایبه‌تمه‌ندیی دوایین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تورکیا و په‌که‌که‌ به‌وه‌ ده‌زانێت که‌ په‌که‌که‌ له‌ تورکیا پشتی به‌ شه‌ڕی سه‌ر شه‌قام به‌ستوووه‌.

ناوبراو هه‌روه‌هاش تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ده‌ستکه‌وت و خه‌ساری هه‌ر دوو لایه‌نی په‌که‌که‌ و تورکیا له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ و ده‌شڵێت: هیچ به‌رژه‌وه‌ندێکی ڕوون بۆ ئاگربڕی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا بوونی نییه‌.

ئه‌و خاوه‌ن بیره‌ی پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین زیادی ده‌کات: یه‌که‌م شت که‌ ده‌بێت ئاماژه‌ی پێبکرێت ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تی تورکیا و په‌که‌که‌ کاریگه‌ریی زۆری کردۆته‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی. زیاتر له‌ 400 هاووڵاتیی سڤیل کوژران. ده‌یان هه‌زار که‌س ماڵ و حاڵی خۆیان لێ فه‌وتا و سه‌دان هه‌زاریش ئاواره‌ بوون هه‌ر بۆیه‌ش پیویسته‌ کاتێک باس له‌ ده‌ستکه‌وت یان خه‌ساری تورکیا و په‌که‌که‌ ده‌که‌ین ئه‌و بابه‌ته‌ بخه‌ینه‌ پاڵ ئازار و چه‌رمه‌سه‌ریی خه‌ڵکی کورد له‌ شه‌ڕی سه‌ر شه‌قامی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ی سه‌ر شه‌قام خراپترین و توندئاژۆترین شێوازی شه‌ڕه‌.

کۆنایێڤ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی تورکیا له‌ شه‌ڕی نوێی په‌که‌که‌ ده‌ڵێت: ده‌وڵه‌تی تورکیا توانیی په‌که‌که‌ له‌ شاره‌ کوردنشینه‌کان بکاته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌یێکی دژبه‌ر به‌رانبه‌ر به‌ په‌که‌که‌ دروست بکات. ستراتێژیی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئه‌ردۆغان یارمه‌تیی ناوبراوی دا هاوپه‌یمانێتی و یه‌کێتیی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌خوازانی وڵاته‌که‌ی تۆکمه‌ بکات.

مارگریتا کۆنایێڤ سه‌باره‌ت به‌ خه‌ساره‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ش زیادی کرد: ئه‌ردۆغان پاڵپشتیی کوردی له‌ ده‌ست دا و ڕووماڵی میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی تورکیا ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ر بوو.

ئه‌م خاوه‌ن بیره‌ سیاسییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستکه‌وت و زیانی شه‌ڕه‌که‌ بۆ په‌که‌که‌ش گوتی: په‌که‌که‌ش وه‌کوو ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستکه‌وت و زیانی له‌و شه‌ڕه‌ فراوانه‌ هه‌بوو. په‌که‌که‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو له‌ به‌رده‌وام بوونی کۆنتڕۆڵی خۆی به‌ سه‌ر شاره‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا و نه‌یتوانی به‌و شێوازه‌ی خۆی ده‌یویست شۆڕشێکی فراوانی کوردی دابمه‌زرێنێت. ژماره‌یێکی که‌متر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا چوونه‌ ڕیزی په‌که‌که‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕی نوێی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ قورس بوو له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا پاڵپشتیی خۆجێیی که‌متر له‌ په‌که‌که‌ کرا.

خاتوو کۆنایێڤ ئێستا قۆناغی پاش دوکتۆری ته‌واو ده‌کات و له‌و قۆناغه‌دا پرسی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شیی ده‌کاته‌وه‌. ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی په‌که‌که‌ به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: په‌که‌که‌ توانیی به‌ تورکیای بسه‌لمێنێت به‌ شێوازێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو جگه‌ له‌ ئیداره‌ کردنی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کان ده‌توانێت له‌ شه‌ڕی سه‌ر شه‌قامیشدا لێهاتوویی بنوێنێت جگه‌ له‌وه‌ش له‌ درێژخایه‌ندا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوایین شه‌ڕی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ به‌هۆی هێرشه‌ چڕه‌کانی تورکیاوه‌ ڕووخان و ماڵ‌وێرانیی زۆری له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کان لێکه‌وته‌وه‌ ده‌توانێت به‌ قازانجی وتاره‌ هه‌میشه‌یییه‌که‌ی په‌که‌که‌ بێت که‌ ده‌ڵێت تورکیا ته‌نها شه‌ڕی په‌که‌که‌ ناکات به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ هه‌موو کورد شه‌ڕیه‌تی.

مارگریتا کۆنایێڤ سه‌باره‌ت به‌ ئاستی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی په‌که‌که‌ و ئه‌رته‌شی تورکیا و هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای چه‌که‌کانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌ کوردپرێسی وت: تورکیا ته‌رکیزی کردوووه‌ته‌ سه‌ر چه‌کی مۆدێڕن و ورد که‌ ئه‌وه‌ش پێشکه‌وتنێکی ئیجابییه‌ بۆ تورکیا چوونکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕێگری کردن له‌ ماڵ‌وێرانی و ڕووخاندنی زیاتر له‌ شه‌ڕ وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ سووری دیاربه‌کر و جزیره‌ بینیمان و گیانی ژماره‌یێکی که‌متر له‌ خه‌ڵکی سڤیل که‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵام له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی په‌که‌که‌ به‌ چه‌کی مۆدێڕنتر و کوشنده‌تر که‌ مه‌ودایێکی زیاتریش ده‌بڕێت مانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت شه‌ڕی دواییی نێوان په‌که‌که‌ و سوپای تورکیا قورستر ده‌بێت. ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا بینیمان کاتێک گرووپێکی چه‌کداری ناحکوومی توانای سه‌ربازیی زیاتر په‌یدا ده‌کات شه‌ڕه‌که‌ تا چ ڕاده‌یێک کوشنده‌تر و مه‌ترسیدارتر ده‌بێت. من ناڵێم یارییه‌که‌ ده‌گۆڕدرێت چوونکه‌ ئه‌رته‌شی تورکیا به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات و هێزی زیاتری له‌ چاو په‌که‌که‌ هه‌یه‌. به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌مه‌ شه‌ڕێکی نایه‌کسانه‌.

ئه‌و توێژه‌ره‌ی په‌یمانگای فلێچێر سه‌باره‌ت به‌ دوورنواڕی ئاشتی یان لانی‌که‌م ئاگربڕی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا ده‌ڵێت: ئێستا بۆ ئاگربڕ هیچ دوورنواڕێک بوونی نییه‌ چوونکه‌ ئه‌ردۆغان قازانج له‌وه‌ ده‌بات که‌ وای بنوێنێت ده‌توانێت وڵاته‌که‌ی به‌ ئه‌منی بهێڵێته‌وه‌ و ڕێگری بکات له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توندئاژۆیی ئه‌وه‌ش له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌ڵام ناوبراو ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ ده‌ست به‌ سه‌ر کردن و سه‌رکوت کردنی ڕکابه‌ره‌ سیاسییه‌کانی خۆی به‌ تایبه‌ت چه‌په‌کان و سه‌رکرده‌ کورده‌کان ده‌باته‌ پێشێ نه‌ک له‌ ڕێگای چاره‌سه‌ری قه‌یران به‌ گفتوگۆ و دانووستان.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خاوه‌ن بیره‌ وێنای ئه‌وه‌یشی کرد په‌که‌که‌ له‌و فه‌تره‌ زه‌مه‌نییه‌ی تا هه‌ڵبژاردنی تورکیا به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ چالاکیی خۆی زیاتر بکات بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت له‌ ڕاستیدا ئه‌ردۆغان ناتوانێت ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی تورکیا دابین بکات و هه‌روه‌هاش په‌که‌که‌ ده‌یهه‌وێت به‌رده‌وام شه‌ڕی کوردی تورکیا بۆ ده‌سته‌به‌ر بوونی ماف و سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری وه‌کوو مانشێتی هه‌واڵه‌کان بهێڵێته‌وه‌.

دوکتۆر مارگریتا کۆنایێڤ سه‌باره‌ت به‌ داهاتوو و خۆش بژێوی خه‌ڵکی تورکیا گوتی: ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ستراوه‌ به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده‌کان و کۆتایی هاتنی شه‌ڕی نێوان په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی تورکیاوه‌.

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌: هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ ڕێگه‌چاری سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی بۆ بکرێت.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10854

Your Comment

You are replying to: .
captcha