وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی: پۆستی سكرتێری گشتی نامێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌پێی ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند ئاماده‌ی كردوووه‌ بۆ كۆنگره‌ی یه‌كێتی كۆده‌نگییێک هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌مێنێت و "سیستمی نیمچه‌ هاوسه‌رۆكی بۆ یه‌كێتی په‌یڕه‌و ده‌كرێت".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌تیف نێروه‌یی، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: "پۆستی سكرتێری گشتی نامێنێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ده‌بێت چه‌ند که‌سێک یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و پۆستی به‌ڕێوه‌ بردنی یه‌كێتی به‌ شێوه‌ی نیمچه‌ هاوسه‌رۆكی ده‌بێت".

پۆستی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ 3ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ه‌وه‌ به‌ چۆڵی ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش دوای كۆچی دواییی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی ئه‌و حیزبه‌.

له‌تیف نێروه‌یی وتیشی: "به‌پێی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند ئاماده‌ی كردوووه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی بۆ به‌ڕێوه ‌بردنی یه‌كێتی پێك ده‌هێنرێت له ‌سێ كه‌س پێكدێت و دواجار ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ ده‌كرێت و له‌ كۆنگره‌دا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌درێت".

نێروه‌یی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "پڕۆژه‌كه‌ قابیلی ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانكاری تێدا بكرێت و له ‌كۆنگره‌دا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت. ده‌سه‌ڵاته‌كان به ‌سه‌ر سێ ستووندا دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌ر كه‌سه‌و به‌رپرس ده‌بێت یه‌كێک له‌ ستوونه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی به‌شێكی یه‌كێتی ده‌بێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێک ستاف و ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی".

ئاماده‌كردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیدا له‌ 4ی مانگی نۆڤێمبێری ساڵی ڕابردوو بڕیار درا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و دیاری كردنی 10 كه‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و حیزبه‌ به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دروست نه‌كراوه‌.

له‌تیف نێروه‌یی له‌باره‌ی ئه‌نجام‌دانی كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ وتی: "كۆده‌نگییێک هه‌یه‌ پێش ئه‌نجام‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت. له ‌ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ده‌كه‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری خۆی بدات و له‌ سه‌ركردایه‌تیش كۆده‌نگییێک هه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ ده‌بێت ئه‌نجام بدرێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10151

Your Comment

You are replying to: .
captcha