ته‌نگه‌ژه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کێتی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند/ ته‌قه‌ له‌ نووسینگه‌ی پارتی له‌ سلێمانی کرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێگه‌ نه‌درا ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان سه‌ردانی هه‌ولێر بکات و ئه‌و بابه‌ته‌ش خراپتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کێتی و ته‌قه‌کردن له‌ نووسینگه‌ی پارتی له‌ سلێمانی له‌لایه‌ن که‌سانی نه‌ناسراوی به‌دواوه‌ بوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 19ی ئه‌یلوولی 2019 هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌ولێر که‌ له‌ژێر فه‌رمانی پارتی دیموکراتی کوردستانن ڕێگرییان له‌ سه‌ردانی مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی بۆ ئه‌و شاره‌ کرد.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ کاردانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی هه‌رێمی کوردستانی لێکه‌وته‌وه‌ و ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ر دوو حیزبی چڕتر کرده‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی مانگانی ڕابردوودا پارتی و یه‌کێتی چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و له‌ ئه‌نجامدا له‌باره‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوانیان و پرسه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌ هه‌رێم، که‌رکووک و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێککه‌وتن.

له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌سه‌ر ڕێگرتن له‌ چوونی سه‌نگاوی بۆ هه‌ولێر هاته‌ ده‌نگ و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ قۆرخکاری له‌ هه‌ولێر قابیلی قبووڵ نییه‌.

وته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان گوتیشی: ڕێگرتن له‌ چوونی سه‌نگاوی بۆ هه‌ولێر به ‌كارێكی دوور له ‌نه‌ریتی پێكه‌وه‌ژیان له ‌هه‌رێمی كوردستان ده‌زانین و جێی قبووڵ نییه‌ و پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و ڕێگه ‌نه‌ده‌ن هیچ لایه‌نێک هه‌ولێر بۆ خۆی قۆرخ بكات چونكه‌ هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستانه ‌و هی هه‌موانه‌.

له‌تیف شێخ عومه‌ر ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی ده‌یه‌وێت كوردستان دابه‌ش بكات و قۆرخی پایته‌خت بكات لای یه‌كێتی قابیلی قبووڵ نیه چونكه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتانه‌ی له ‌نێوانماندا هه‌یه‌ قبووڵكراو نییه‌".

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان گوتی:"بڕیار بوو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كۆ ببێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ ڕووی دا و ڕێگری له‌ مه‌حموود سه‌نگاوی كرا و بڕیارمان دا كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی به‌ ئیمزای كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری دووهه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نامه‌یێک ئاراسته‌ی مه‌سعوود بارزانی بكات و له‌ نامه‌كه‌دا داوای ڕوونكردنه‌وه‌ بكات و پێداگیری بكات له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دژی یاسا و بنه‌ماكانی دیموكراتییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئێمه‌ش وه‌كوو هاووڵاتی و وه‌كوو لێپرسراو قبووڵی ناكه‌ین چونكه‌ مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتییه‌".

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ناوه‌رۆكی نامه‌که‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی بۆ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌ نامه‌که‌دا داوامان كردووه‌ له‌سه‌ر ڕێگری كردنی له‌ مه‌حموود سه‌نگاوی ڕوونكردنه‌وه‌مان بداتێ و یه‌كێتی به‌ هیچ شێوه‌یێک ئه‌وه‌ی پێ قبووڵ ناكرێت و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێگه‌یێكی باڵاوه‌ ده‌ستوور نه‌درابێته‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئه‌وا ناتوانێت ڕێگری له‌ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بكات.

ناوبراو زیادی کرد: "بڕیاری له‌و بابه‌ته‌، كاری به‌رپرسێكی بازگه‌ نییه‌، من ده‌یان ساڵه‌ له‌و بازگانه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌م، به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ ڕێزم ده‌گرن، ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێک نه‌درابێت له‌ پێگه‌یێكی باڵاتر، ئه‌فسه‌رێكی ئاسایی به‌رپرسیار له‌ بازگه‌كه‌ ناتوانێت بڕیارێكی وا بدات كه‌ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و فه‌رمانده‌یێكی پێشمه‌رگه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی پۆڵێكی گرنگی شه‌ڕی دژی داعش و ئه‌و هێزانه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و مه‌حموود سه‌نگاوی قاره‌مانێكی میللیه‌، چۆن ئه‌فسه‌رێک ده‌توانێت رێگری لێ بكات".

سه‌عدی پیره‌ وتیشی: "له‌ نامه‌كه‌دا داوای ڕوونكردنه‌وه‌مان له‌ مه‌سعوود بارزانی كردووه‌ و پێمانوتووه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌ و ده‌بێت لێی بكۆڵدرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاری نییه‌ پارتی كاری واده‌كات، له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو و له‌گه‌ڵ حزبی دیكه‌ بۆیه‌ ده‌بێت بزانن چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ببینه‌ شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ سه‌ر‌تاسه‌ری كوردستان ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كراوه‌ مامه‌ڵه‌ی دروستبوونی دوو ئیداره‌یی و ئیجباركردنه‌ بۆ دروست بوونی دوو ئیداره‌یی و ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی یه‌ک ئیداره‌یی و یه‌ک هه‌رێمی و نه‌هێشتنی كاره‌ساتی دوو ئیداره‌یی كۆتایی پێ ده‌هێنێت".

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان بڵاویان کرده‌وه‌ که‌ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش ژماره‌ی هێزه‌کانی له‌ ده‌روازه‌ی پارێزگای سلێمانی زیاتر کردووه‌.

فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌باره‌ی ڕێگرتن له‌ چوونی مه‌حموود سه‌نگاوی بۆ هه‌ولێر ده‌کۆڵنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان فه‌رمانیان بۆ ڕێگرتن له‌ چوونی سه‌نگاوی بۆ هه‌ولێر ده‌رکردبێت ئه‌وا یه‌کێتییش ڕێگری له‌ هاتنیان بۆ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کات.

فراکسیۆنی یه‌کێتی زیادی کرد: ڕێگرتن له‌ چوونی سه‌نگاوی بۆ هه‌ولێر کارێکی نایاسایی بووه‌ و ده‌بێته‌هۆی بێ‌متمانه‌ییی نێوان پارتی و یه‌کێتی و دروستبوونی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی له‌ هه‌رێمی کوردستان.

هاوکات ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که ته‌له‌فزیۆنی ڕووداو باسی له‌وه‌ کرد که‌‌ کاتژمێر 1:30 خوله‌کى به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی 20ی ئه‌یلوولی 2019 له‌ ئۆتۆمبێلێکه‌وه‌ ده‌سترێژى گوللـه‌ له‌ باره‌گاى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ سلێمانى کرا.

له ‌دواى ڕووداوى ته‌قه‌کردنه‌که‌ عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیی سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى له‌ بڵاوکراوه‌یه‌کدا ڕای‌گه‌یاند: "ده‌ستێکی ڕه‌ش ته‌قه‌ی له ‌باره‌گای سپی لقی چواری پارتیمان کرد".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سلێمانی و لیژنه‌ی ئه‌منیی شار به‌رپرسیارێتیی پاراستنی باره‌گاکانی پارتی و پاراستنی ڕۆحی به‌رپرسان و کادرانی پارتیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ".

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن ده‌شڵێت: "پاراستنی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئه‌رکی ئه‌خلاقی پارێزگار و قائیمقامییه‌ت و هیزه‌کانی پاراستنی ته‌ناهیه‌ له ‌سلێمانی".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86464

Your Comment

You are replying to: .
captcha