کوردپرێس: ئاژانسى هەواڵى سپۆتنیک بڵاوی کردەوە، ئەحمەد بەڕی یەکێک لە فەرماندەکانى سوپاى ئازادى سووریا ڕایگەیاندووە، سوپاى تورکیا لە ئێستادا ٢ خاڵى سەربازیى لە نزیک عەفرین هەیە و پلانى ئەوەشى هەیە کە ٩ خاڵى ترى سەربازى لە نزیک عەفرین دروست بکات.
ئەو فەرماندەیەى سوپاى ئازادی سووریا ڕاشیگەیاندووە "هاوکات تورکیا ئارامىی ئەو ناوچانەى کە بنکە سەربازییەکانى تێدا دروست دەکات دەپارێزێت و نایەوێت دڵۆپێک خوێن لە لووتى هیچ کەسێک بێت. هەروەها تورکیا دەیەوێت ناوچەى تامانی و هەموو باکوورى حەما بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆی".
بەپێى قسەکانى ئەحمەد بەڕی، دروست کردنى ئەو بنکە سەربازییانەى تورکیا بەپێى ڕێککەوتنى نێوان ڕووسیا و تورکیا جێبەجێ دەکرێن.
بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە ٧هەمین دانیشتەکانى ئاستانە ماوەی ٢ ڕۆژە بە سەرپەرشتیى ڕووسیا، تورکیا و ئێران و بە ئامادەبوونى ڕژێمى سووریا و گرووپە چەکدارەکانى سووریا بەردەوامیى هەیە.
پێشهاتەکانى ئیدلب
ئیدلب هاوکات لەگەڵ شۆڕشى خەڵکى سوریا لە ساڵى ٢٠١١ ڕاپەڕین تیایدا ڕوویدا و چەندین شەڕى قورس و لە چەند ناوچەى ئەو پارێزگایە لە نێوان هێزەکانى ڕژێمى سوریا و گروپە چەکدارەکاندا ڕوویدا و لە ئەنجامدا لە ساڵى ٢٠١٥ زۆربەى ئەو پارێزگای کەوتە دەست گروپى بەرەى نوسرە، کە لە لیستى تیرۆرى نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوروپا، ئەمریکا و ڕووسیادایە و ئێستا ناوەکەى گۆڕیوە بۆ تەحریرى شام.
لە ١٦ى مانگی ڕابردوودا لە چوارچێوەی شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانەدا تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، ئێران و تورکیا و ڕووسیا ڕێککەوتن پارێزگای ئیدلب بخرێتە چوارچێوەى ناوچەی کەم کردنەوەی توندوتیژى، لەو کاتەشەوە تورکیا بە بەردەوامی دەیان تانک و زرێپۆشی بۆ سەر سنوری سوریا گواستووەتەوە.
ڕۆژى ٧ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، لە ئیدلب دەست دەکەن ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لە دژى چەکدارى تەحریرى شام لە ئیدلب. بەپێى زانیارییەکانى میدیاکانى تورکیا هێزە بەشداربووەکان لە ئۆپراسیۆنى قەڵغانى فورات بەشدار دەبن لە ئۆپراسیۆنەکەى ئیدلبدا.
لە دواى ئەو لێدوانەى ئەردۆغان فەرماندەى هێزەکانى یەپەگە لە عەفرین ڕایگەیاند، ئامانجى تورکیا ئیدلب نییە و ئامانجى سەرەکییان عەفرینە و لە دواى ئەوەش ڕۆژی ١٣ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ بەشێک لە میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردووتەوە، کە ئامانجى سەرەکیى هێزەکانى تورکیا عەفرین و منبج دەبێت.
بەپێى ئەو زانیاریانەى لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە،ڕۆژی ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ لەوە پێش نزیکەى هەزار و ٥٠٠ کۆماندۆى تورکیا چوونەتە ناوچەکانى نزیک لە سنوورى شەڕڤانان لە باشوورى عەفرین و باکورى ئیدلب و لە ناوچەکانى ئەتمە، سلۆی، قاخ، نزیک دارعەزە و دێرسمعان و بە درێژایى ١٨ کیلۆمەتر و پانیى ٦ کیلۆمەتر خۆیان جێگیرکردووە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو هێزانەى تورکیا ئامادەکارى بۆ کردنەوەى ٣ بنکەى سەربازى گەورەى حکومەتەکەیان و جێگیرکردنى نزیکەى ٣٥ هەزار سەرباز لە ناوچەکانى باشوورى عەفرین و باکوورى ئیدلبى هاوسنوورى عەفرین دەکەن، کە تۆپخانە و مووشەک و چەکى قورى تێدا جێگیر دەکەن.
باسى ئەوەش کراوە، ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا و ڕۆیشتنى هێزى تورکیا بۆ ئیدلب لە چوارچێوەى ڕێککەتنەکانى ئاستانەدایە لە نێوان ڕووسیا، تورکیا، ئێران، سوریا و گروپە چەکدارەکانى سوریا. بەپێى ئەو ڕێککەوتنە هێزەکانى ئێران و ڕووسیا چاودێرى دۆخى ئیدلب دەکەن و بەشەکانى باشوور و ڕۆژئاواى پارێزگاکە بۆ هێزەکانى ڕووسیا و سووریا و ئێران بە جێدەهێڵدرێت و هێزەکانى تورکیاش لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى ئیدلب، کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمى عەفرینى ڕۆژئاواى کوردستان دا جێگیر دەکرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ سەرۆکایەتیى ئەرکانی سوپای تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ تشرینی یەکەم دەستکراوە بە دانانی سەنتەری چاودێری لە سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا و ناوچەکانی نزیک لە پارێزگای ئیدلب. میدیاکانیش لەو ڕۆژەدا بڵاویان کردەوە، کە یەکەیەکى سوپاى تورکیا چووەتە ناو شارى ئیدلب و دەستیکردووە بە کارى چاودێریکردن.
شەڕڤانان شەوی ١٣ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ لە عەفرین فڕۆکەیەکى چاودێریى سوپاى تورکیان خستەخوارەوە، کە بەسەر ئاسمانی چیاى گر لە نزیک گوندى بێکە لە ناوچەى بلبلێى هەرێمى عەفرین دەسوڕایەوە.
ڕۆژی ١٤ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ سیپان حەمۆ فەرماندەى گشتیى هێزەکانى یەپەگە ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە تورکیا و هاوکارەکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی عەفرین و هەرێمی شەهبا دەدەن و ئەگەر ئەوە ڕووبدات هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و جەیشول سوار وانەیەکى مێژوییان دادەدەن. سیپان حەمۆ ڕاشیگەیاندووە، سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکە سەرکەوتوو نەبووە و ئەو دەوڵەتە بەردەوامە لەسەر دوژمنایەتیکردن و هەوڵدەدات بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد.
حکوومەتى سووریاش ڕۆژى ١٤ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، دەبێت هێزەکانی سوپای تورکیا بەپەلە لە پارێزگای ئیدلبی باکوری خۆرئاوای ئەو وڵاتە بچنە دەرەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو هێزانە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ڕێککەوتنی ئاستانەی تایبەت بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سوریا. بەپێى ئەو ڕاگەیاندراوەى حکومەتى سوریا لە دەقی ڕێککەوتنامەی ئاستانەدا هاتووە، کە هەموو کردەوە سەربازییەکان لە پارێزگای ئیدلب ڕابگیرێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک لە پۆلیسی تورکیا و ئێران و ڕوسیا، بە مەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment