بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەردی پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە، بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیە:
پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سیستمی فرە بازنەیی و تۆماری دەنگدەران و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە هەمان پێکهاتەی پێشووەوە رێککەوتن، بەڵام هێشتا ناکۆکی قووڵ هەیە لەسەر پرسی پێکهاتەکان، نیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و درووست کردنی کەشێکی ئارام لە نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ راگەیاندنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
جیاوازی لهنێوان تۆماری بایۆمهتری عێراق و تۆماری ههرێم 434 هەزار کەسە، لە کۆی 135 قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، 114 قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە لە کۆی 111 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان 74 ئەندامیان نوێنەری 3 قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکن.
لەگەڵ ئەوەی رۆژی 28ی 2ی 2023 هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەو رایانگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەکە ڕایانگەیان کە لەسەر زۆرێک لە خاڵەکان رێککەوتوون " جگە لە پرسی پێکهاتەکان"، زانراوە کە بەوە گەیشتوون کە؛
-هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەچوار بازنە بکرێت هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە.
-هەڵبژاردن نیوەی بەلیستی کراوەو نیوەکهی دیکهی بەلیستی داخراو دهبێت.
-ژمارەی کورسیی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت.
-هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق بکرێت بۆ سودوەرگرتن لەلیستی دەنگدەرانی عێراق.
-لەسەر پرسی پێکهاتەکان ناکۆکن.
-کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وەک خۆی کارا دەکرێتەوەو گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
بەڵام لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتنی تەواوی وا بڕیارە لە داهاتوودا کۆبوونەوەکانیان بەردەوامبێت، سەبارەی کۆبوونەوەو ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم ناکۆکی و کەم و کورتییانەوە، چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پیوەند بە هەڵبژاردن، وەک؛ چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان نەدرێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی بێت...، مەگەر هەڵبژاردن لە پێناو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هەمان هاوکێشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دوبارە ببێتەوە.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو کێشەو ناکۆکییە بنەڕەتییانەی دێنە بەردەم هەڵبژاردنی خولی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان.
یەکەم؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992 حەوت جار هەموارکراوەتەوە، پێنج خولی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن دەربارەی یاساکە، هەوڵی هەرمواکردنەوەی یاساکە لە ئارادایەو هەندێ جار لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەڕۆن و باس لە یاسایەکی نوێ دەکەن، هەرچۆن بێت هەموار یان گۆڕینی یاساکە چەند پرسێکی سەرەکی نزیکە یاخود هەوڵ هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوانیش؛
1. هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی
لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 7 جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەموارکردنەکاندا ئەوە وەک خۆی ماوەتەوە کە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت..." ئەم دەقەش لە ماددەی نۆیەمی یاساکە جێگیر کراوە.
بەڵام لە ئێستا کەوا بڕیارە بەرەو خولێکی نوێی هەڵبژاردن هەنگاو بنرێت، ئەو دەقەی سەرەوە یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێو لایەنەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنەکانی دیکە، "هەرچەندە وا نیشان دەدرێت کە لە ئێستادا ئەو ناکۆکیانە لەم بارەوە رەویوەتەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەزامەندبووە بە هەموارکردنی دەقی ناوبراو".
بەپێی ئەو دەقە، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ناحیەو قەزاو پارێزگاکانییەوە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، گرفتی سەرەکی "یەک بازنەی هەڵبژاردن" بەڕای زۆربەی چاودێرانی بوارەکە، لە قوڵایدا نادادپەوەری جوگرافی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی بوونی نوێنەر لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا.
بەپێی پەیڕەو کردنی سیستمی یەک بازنەیی، سەرجەم ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان نوێنەریان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ناگات. ئەمە چۆن؟ بۆ نمونە "بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی 135 قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، 114 قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە. بە پێچەوانەوە لە کۆی 111 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان 74 ئەندامیان بەڕێژەی 67% نوێنەری 3 قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکن. لە کاتێکدا 132 قەزاو ناحیەکەی دەرەوەی ئەو سێ شارە تەنها 37 نوێنەریان بە ڕێژەی 33% لە پەرلەمانی کوردستانە.
بۆ چارەسەرکردنی یاخود لانی کەمی کاڵ کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە لە یەک بازنەیی دەکەوێتەوە، چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر هەموارکردن دەقی ماددە یاساییەکەو گۆڕینی کە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بکرێت بە 4 بازنەی هەڵبژاردن، بەمانای کۆتایی هاتن نییە بە نادادپەوەری جوگرافی، چونکە بەهۆی ڕێژەی بەرزی دانیشتوان لە شارە گەورەکان، نادادپەرەوەییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوەو ڕوودەداتەوە.
بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزگانی هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کە هەر یەکەو بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 14 قەزای سنوری پارێزگاکە 6 قەزایان بەڕێژەی 43%ی قەزاکانی سنورەکە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوتووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بریتین لە قەزاکانی پێنجوێن، دەربەندیخان، کفری، قەرەداغ، شارباژێڕ و ماوەت، بەڵام تەنها لە ناوەندی قەزای سلێمانی 16 کاندید سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
ئەمەش ئەو ڕاستییە رووندەکاتەوە، کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، مەرامی سیاسییان هەیە بە گۆڕینی یاساکە لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیاتر لەوەی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە بێت کە لە سیستمی یەک بازنەیی دەکەوێتەوە.
بۆ نمونە پاڵپشت بە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لێکەوتەکانی لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت
دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین، کە ئایا لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی کورسی بۆ هەر بازنەیەک تەرخان دەکرێت، ئەگەر ژمارەی دانیشوانی سنوری هەر بازنەیەک بە پێوە بگیرێت _کە دەبێت هەر واش بێت_ کام پێوەری سەرژمێری تەبەنی دەکرێت، چونکە بە گوێرەی هەردوو ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی هەرێم و و عێراق جیاوازی گەورە هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانەوە.
1. تۆماری دەنگدەران
هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1 ساڵی 1992ی هەموارکراو، پاڵپشت بە ماددەی شەشەمی یاساکە "بەیاسایەک، دەستەیەکی باڵای سەربەخۆ پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق، خشتەی دەنگدەران ئامادە دەکات..." ئەم دەقە یاساییە ئامادەکردن و ڕێکخستنی تۆماری دەنگدەران دەخاتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان.
سەربارەی ئەوەش وەک لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارە 4ی ساڵی 2014 ماددەی چوارەم بڕگەی پێنجەمدا هاتووە؛ بهڕێوهبردنی پرۆسهی تۆمارکردنی دهنگدهران و رێکخستن و نوێ کردنهوهی تۆمارهکانیان بۆ مسۆگهر کردنی مافی ههڵبژاردنیان دەخاتە ئەستۆی کۆمسۆن.
هاوکات لە ماددهی شهشهم، بڕگەی یەکەم، خاڵی 1دا هاتووە "دامهزراندن و نوێ کردنهوه و بژارد کردنی تۆماری دهنگدهران له رێی ههموو جۆره شێوازێکی تازهی بهردهست، لهسهر لایهنی پهیوهندیداریش پێویسته هاوکاری و ههماههنگی لهگهڵ ئهنجوومهندا بکهن بۆ گهیشتن بهو مهبهسته". ئەم دەقە یاساییانەش دەسەڵاتی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی توماری دەنگدەران بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلا دەکاتەوە.
بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ناخاوێن دەزانن، داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن. دەکرێت بوترێت ئەم خواستەش ڕەوایەتی تێدایە، بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئێنستتیوتی پەی کە لە ساڵی 2018دا بڵاوی کردووەتەوە، تێدا ئاماژە بەوە دراوە زیاتر لە 932 هەزار ناوی گوماناوی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە بەجۆرێک:
- لیستی دهنگدهرانی تایبهت که دووباره ناویان ههیه 184 هەزار کەسە.
- دووباره بووهوهی نێو خودی ههرێم 100 هەزار کەسە.
- دووباره بووهوهی نێوان ههرێم و ناوچهکانی مادهی 140 94 هەزار و 567 کەسە.
- ژمارهی مردووان 218 هەزار و 965 کەسە.
- لهدایک بووانی ساڵی 2000 که تهمهنیان بهر لهوادهی دهنگدانهو نهگهیشتوونهته 18 ساڵ 60 هەزار کەسە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ساڵی 2018دا بڵاو کراوەتەوە، چونکە لە ئێستادا لەدایکبووانی ساڵی 2005 مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن.
- جیاوازی لهنێوان تۆماری بایۆمهتری عێراق و تۆماری ههرێم 434 هەزارو 449 کەسە و کۆی گشتی 932 هەزار و 964 هەزار ناوی گوماناوی دەکات.
ئەگەر ئەو ژمارانە بە ڕێژەی 50%یش ڕاستبن و ئەوا دەتوانن کاریگەری گەورە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن جێبهێڵن، بە تایبەت ئەگەر لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی بە مەبەست ئەو ناوانەیان خزاندبێتە نێو لیستی تۆماری دەنگدەرانەوەو بتوانن بە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن.
ڕاپۆرتەکەی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی 1996ەوە دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانەی کە مردوون لە ساڵی 1996ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەکە نەسڕاوەتەوە، کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.
سەرباری ئەو کەموکورتیانەی نێو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم، ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی داوای جێبەجێکردنی تۆماری دەنگدانی کومسیۆنی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا پێویستە هەردوو یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لە پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت ئەگەر لایەنەکان لە بابەتی دیکەدا سازش بۆ یەکتر نەکەن و ڕەنگە لە رووی واقعیشەوە گونجاو نەبێت کۆمسیۆنی هەرێم بەتەنها پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی عێراق ببەستێت.
بۆیە ڕێگاچارەی گونجاو داڕشتنی تۆمارێکی پاک و بێگەردی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی ڕێ و شوێن قورس و کاتی زۆرە.
3. پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان
پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکش بە "گرێکوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو ماددەی سی و شەشەم؛
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
لەبارەی پرسی کورسی پێکهاتەکانەوە سەرکۆ گەڵاڵی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە بابەتێکیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کومەڵایتی فەیس بووک لە ژێر ناونیشانی "گرێ کوێرەی هەڵبژاردن بە ئاسانی ناکرێتەوە" نوسیویەتی؛ چۆنێتی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان جەوهەری خاڵی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکەیە لە سەر هەڵبژاردن نەک پرسی فرە بازنە و چوار بازنە و یەک بازنە و کارا کردنەوەی کۆمسێون".
لە یەکەم خولی هەڵبژاردن لە یاسای ژمارە ١ ساڵی ١٩٩٢ ماددەی یەکەم ١٠٠ کورسی گشتی تەرخان کرا لە سەر بنەمای هەر نوێنەرێک ٣٠ هەزار کەس بێ ، کە ئەو کات ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بوو، وە ڕێژەی ٥ کورسی بۆ مەسیحیەکان پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری دابین کرا ."لەسەر پێشنیازی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جلال بوو"، دواتر ڕیژەی پێکهاتەکان لە ٥ کورسی زیاد کرا بۆ ١١ کورسی.
لە ئێستادا خاڵی جەوهەری ناکۆکی لاینەسیاسیەکان بە تایبەت پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئۆپۆزسیون و سەربەخۆکان بریتیە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان.
ئەو ئاماژەی بەوەش داوە "بە پێی زانیاریەکانی ئێمەش نوێنەری ئێستای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن ژمارەی کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێ، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کە ١ ملیۆن دەنگدەر هەبوو ژمارەی کورسی گشتی ١٠٠ کورسی بوو، لە ئێستادا ڕێژەی دەنگدەری گشتی زیاد لە ٣ ملیۆن دەنگدەرە، هیچ داواکاریەک نیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسی گشتی، کە جیاوازی لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٢٢ سێ سەد هێندەیە".
ئەوەشی نوسیوە کە "لە پاڵ ئەم گۆڕانکاریە گەورەی ڕێژەی دەنگدەر هیچ لایەنێک لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان نیە داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیە لەوەی کە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت، تەنها بەئامانج ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له ژێر گوشاردا نهبن به پاشکۆی سیاسهتی تهسکی هیچ لایهنێک، دهیانەوێت ههڵبژاردن و پشتیوانیکردنیان به جۆرێک بێت که سهربهخۆیی و بههای نوێنهرایهتییهکهیان، له دهست نهدهن. بۆ ئهمهش، کورسیی پێکهاتهکان پێویسته ئهوهنده ئازاد بێت که بتوانێت له سێبهری پاشکۆیهتی و بهرژهوهندیی تهسکی ههندێک سهرکورسی نشین، رزگار بکرێت".
هەر لە بارەی کورسی پێکهاتەکانەوە ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن پێی وایە؛ "ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییە کە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە ڕەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە".
ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتی ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەکانیانەوە؟، بۆ چارەسەری گرفتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش 3 ڕێگە پێشنیار دەکات؛
1. جیاکردنەوەی چەند کوردسییەک بۆ پێکهاتەکان، لەنێو خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن و کاریگەری دەنگدانەی پێکهاتەی زۆرینەیان بەسەرەوە نەبێت.
2. شێوازی جێکردنەوەی کاندیدانی پێکهاتەکان لەنێو حزبە زۆرینەکاندا باشترین نەبراوەی کاندیدی پێکهاتەکان
3. لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پێکهاتەکان لە داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردندا.
دووەم؛ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە 8 ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا زیاتر لە 3 ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە.
لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 بەناوی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراقی پەسەند کرد.
لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق".
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی 1ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە 9 ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێن، بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش 5 ساڵی رۆژ ژمێرییە.
لەم چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو 9 ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 لهلایهن ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی کوردستان متمانهی پێدرا.
وەک دەبینین لە ئێستادا ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو بووە، هاوکات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئەنجومەنەکەدا نەماون، لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەی کاراکردنەوەی هەیە، بۆ نمونە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەروو هەموویانەوە خواستی ئەوەیە ئەنجومەنێکی نوێ دروستبکرێت. لە ماوەی ڕابردوشدا بەپێی زانیارییەکان، پارتی هەوڵی دابوو ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە 9 ئەندامەوە بکات بە 15 و شێوازی دابەشکردنیشی بەو شێوەیە بێت کە پارتی لەگەڵ کۆتاکان لەئەنجومەنی کۆمسیۆن ببێتە زۆرینە، هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان.
هەر یەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەر ئەوەی پشکی خۆیان لە ئەنجومەنەکەدا بەم شێوەیەی ئێستا مسۆگەرە پێیان باشە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران وەک خۆی بمێنێتەوەو پشکەکانیان دەستکاری نەکرێت، شوێنە بەتاڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەن پڕ بکرێنەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێش پێشتر ئەوەی لە بەیاننامەی فەرمیدا بڵاوکردووەتەوە کە "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دور لەپشک پشکێنەی حزبی دروستبکرێتەوە ... ژمارەی ئەندامانی کۆمسیۆن 9 ئەندام بن.... دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووست بکرێت لە پێنج دادوەری بێ لایەن کە هیچ کاری حزبیان نەکردبێت و ئەنجامی کۆتایی لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە پەسەند دەکرێت".
لەم بارەیەوە چاودێران پێیان وایە، بەو هۆیەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم پشک پشکێنەیە، لە کاتێکدا ئەنجامەکان دڵخوازی لایەنەکان نەبوو، هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە ناو ئەنجومەنی کۆمیسیاران دروست و دووبارە دەبێتەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پێکهاتوە لە نۆ ئەندام و بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێویستی بە دەنگی پێنچ ئەندام هەیە، ئەگەرنا، ئەنجامەکە پەسەندکراو نابێت. ئەمەش ئەگەر هەیە بەهۆی ئاڵۆزی سیاسیەوە ئەو ژمارەیە دروست نەبێت.
Your Comment