ئاراس شێخ جەنگی بەتوندی وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاراس شێخ جەنگی لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت: "ئێمە خاوەنی یەکێتین و بۆی ژیاین و خەباتمان بۆی کرد، نەوەک ئەو یەکێتیەی ئەو بافڵ تاڵەبانی ناوی ناوە شێتخانە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم روونکردنەوەیەی ئاراس شێخ جەنگی دوای ئەوە هات لە بازگەی سلێمانی - دووکان رێگری لێکرا و لاهور شێخ جەنگی بە هێزێکەوە گەیشتە بازگەکە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی یەکێتی هەوڵی ڕێگری کردن لە ئاراس شێخ جەنگی پشتڕاست کردوەتەوە.

سەرچاوەکەی یەکێتی دەڵێت: "پرسیاری لێکراوە بۆچی چووەتە هەولێر و ئەژی ئەمینی بینیوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "دواتر رێی پێدراوە رۆیشتووە و لە نزیک بازگەکە وەستاوە هەتا هێزێکی لاهور شێخ جەنگی هاتوونە و بردوویانەتەوە".

ئاراس شێخ جەنگی لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی: "دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ڕایگەیاند من حەزم لەو شێتخانەی حیزبایەتیە، دیارە ئەمە سووکایەتیەکی گەورەیە بە يەکێتی و بەو خەباتەی کە زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس لە پێناویدا شەهید بوون، ئەو حیزبە گەورە و خاوەن مێژوو قوربانی دانەو ئەو حیزبەی سەرۆکەکەی جەنابی مام جلال بوو خاوەنی ڕووبارێک خوێن و داستانە کەچی ناوبراو ناوی لێنا شێتخانەی حیزب، بۆیە منیش وەک وەڵامێکی تەنز ئامێز پۆستێکم کرد وتم یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان بەو مانایەی باشترە ناوبراو مادەم حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ، بۆیە دووپاتی ئەوە دەکەمەوە کە ئێمە خاوەن و دڵسۆزی ئەو یەکێتیەین کە بۆی ژیاین و قوربانی و خەباتمان بۆ کردووە بەشانازیەوە نەوەک ئەو یەکێتیەی ئەو ناوی ناوە شێتخانە یان یەکێتی نوێ".

News Code 7794

Your Comment

You are replying to: .
captcha