داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کاربکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە شاری هەولێر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری میدیاکانی دایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە سەرەتادا کورتەیەکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، دواتر پرسیاری رۆژنامەوانان وەرگیرا.


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق "باسمان لە پرۆژە یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز کرد و هەروەها لەبارەی گفتوگۆکان پەیوەست بە کەرکووک قسەمان کرد، حکوومەتی باش ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت و هەروەها هەڵبژاردن پایەی سەرەکی ئەو دەوڵەتەن و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی دڵنیابن کە لەمساڵدا هەڵبژاردن دەکرێت و دابەشبوون پایەی دیموکراسی نیە و سەڕەڕای جیاوازیەکان داوا لە هەمووان دەکەم کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پێشەوە هەمو بەرژەوەندیەکان دابنێن".


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد، "رێزگرتن لە سەروەری خاکی ئەم هەرێمە لەلایەن دراوسێکانەوە زۆر گرنگە، هەروەها داوا لە هەمووان دەکەم رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ بەکاربهێنن و کەمترین توندوتیژی بەکاربهێنن و بەردەوامبن لە کەمکردنەوەی گرژیەکان لە ناوچەکەدا".


پەیوەست بە ئامانجی گەشتەکەی بۆ بەغدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وتی، "ئامانجەکەم ئەوەیە پابەندی خۆمان بە بەردەوامی پاڵپشتییەکان بۆ عێراق دووپات بکەینەوە، دوای چاوپێکەوتن و گفتوگۆکانم گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی کە بەرەوپێشچونی گرنگ لە ئێستادا رێگەی تێدەچێت و گرنگە، هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆئەوەی بتوانن داهاتویەکی باشتریان هەبێت کە شایستەی ئەوانە".

News Code 7781

Your Comment

You are replying to: .
captcha