بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى میدیاى نزیک له پارتى ئاشکرای کردووه، ئەو چوار مادەیەی کە پارتى و یهکێتى لەسەری ڕێککەوتن بریتین له:
یەکەم: هەڵبژاردن بەچوار بازنە بکرێت.
دوەم: هەڵبژاردن نیوەى بە لیستی کراوە و نیوەکهى دیکهى بە لیستی داخراو دهبێت.
سێیەم: ژمارەی کورسیی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت.
چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق.
هەر لەمبارەوە دوای کۆبوونەوەکەیان، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی هەردوولا رێککەوتن کە هەرێمی کوردستان بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و دوای رێککەوتن لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردنەکانیش، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کارا بکرێتەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، هەردوولا لەسەر چۆنیەتی دابەش کردنی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتون بە رێککەوتن و دەیانەوێت خودی پێکهاتەکان بڕیار بدەن کە کام جۆری هەڵبژاردن بۆ ئەوان گونجاوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووشدا کە بڕیارە رۆژی شەممە 4ی 3ی 2023 ئەنجام بدرێت ئەو بابەتەش گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتیشی، دۆستەکانی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی هانیان دەدەن کە هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێت و بەردەوامی بدرێت بە پرۆسەی دیموکراسی، حزبەکەشیان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پێویستە لەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت.
پەیوەست بەم بابەتەش لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی، کۆبو.نەوەکە لەسەر دەستپێشخەری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بووە چوونکە حزبەکەیان باوەڕی وایە هەڵبژاردن پرسێکی نیشتیمانییە و ناکرێت زیاتر لەوە دوابخرێت.
لوقمان وەردی ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لەسەر زۆربەی خاڵەکان لێکتێگەیشتنیان هەبوو، بڕیاریش درا لە کۆبوونەوەی ئایندەدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش راوێژ بکرێت بۆ رەشنووسی کۆتایی یاسای هەڵبژاردنەکان و رەوانە کردنی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندکردنی.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی داتاکانی دەنگدەرانی حکوومەتی عێڕاق ئەنجام دەدرێت، لەئێستاشدا تەنها لەسەر کورسی پێکهاتەکان جیاوازییان هەیە کە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا ئەو بابەتەش یەکلایی دەکرێتەوە.
Your Comment