هەولێر و بەغدا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە نزیکن لەڕێککەوتن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێکى دەوڵەتی یاسا ئاشکرای ده‌کات، هەولێر و بەغدا بۆ سفرکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان نزیکن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی ڕایگەیاند، هەردوو حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێم لە گەیشتن بە نەخشەڕێگه‌یەکی هەمەلایەنە بۆ سفرکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان نزیکن ‌و لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بوودجەش سازانێکی پەڕلەمانیی هەیە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەحمەد وەتیفی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد، سازان ‌و ڕێککەوتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجە لەدوایین قۆناغەکانیدایە و گەشبینن بەوەی کوتلە سیاسییەکان لەناو په‌رله‌ماندا بگەنە ڕێککەوتنێک بتوانرێت جێبەجێ بکرێت ‌و لەکاتی دەنگداندا ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت.

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردوە، ئاماژە و لەیەکگەیشتنی ئەرێنی هەیە بۆئەوەی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا دانووستانەکان کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی لەبارەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەنێوان هەردوولادا دروست کردوە.

پێشتریش چیای تەیموور پەرلەمانتاری پارتی لە په‌رله‌مانى عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وتبوو، لە کۆبوونەوە و دانوستانەکانی ئەمدواییەی نێوان شاندی هەرێم ‌و شاندی حکوومەتی ناوەندی، لەبارەی یاسای نەوت ‌و غاز و پشکی هەرێم لە بوودجە و کۆتایی‌هێنان بە ناکۆکییەکان نیمچە ڕێککەوتنێک کراوە.

شه‌وى ڕابردووش ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم ئاشکرای کرد، وەک وه‌فدى حکوومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بوونه‌ته‌وه ‌و دواى گفتوگۆ سه‌باره‌ت به ‌بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گەیشتونه‌ته‌ ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەى 2023.

دوابه‌دواى ئه‌و زانیاریانه‌ش، وه‌زاره‌تى دارایی حکوومه‌تى هه‌رێمیش ڕایگه‌یاند، وه‌فده‌که‌ى هەرێم که‌ ئاوات شێخ جەناب سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سوودانی، هەریەک لە فوئاد حسێن ‌و محەمەد تەمیم جێگرانی سەرۆک وەزیران‌ و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت‌ و تەیف سامی وەزیری دارایی ‌و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئامادەی بوونه‌، سه‌باره‌ت به‌ پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێکەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەری کێشەکان.

News Code 7767

Your Comment

You are replying to: .
captcha