بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە "ستایشی بڕیارەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین سەبارەت بە تەملیک کردنی ئەو زەوی، موڵک و خانووانەی کە خوشک و برا ئێزدییەکان لە شەنگال لە ساڵی ١٩٧٥ەوە تێیدا نیشتەجێن و لەلایەن حکوومەتی بەعسی رووخاوەوە لێی بێبەش کرابوون".
ئاماژە بەوەش دراوە: "ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان دادەنێین پاش بێبەش کردن و پەراوێز خستنیان بۆماوەی چەندین ساڵ. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە".
باسی لەوەش کردووە "روونیشیدەکەینەوە کە ئەم ڕێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواکاری و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەکان لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا کە بە سوپاسەوە حکوومەت وەڵامی دایەوە".
بافڵ تاڵەبانی لە بڕیارەکەیدا دەڵێ: "ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی کارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی کە چەندین ساڵە لە سەریانە. هەنگاوێکیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیکە کە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیرکردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و کۆتاییهێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری کەسوکارەکانمان بووەوە".
Your Comment