بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیماراتی دانەغاز لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکی وزە، ڕاگەیاند بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دوو هێندە دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی دا بەوەی کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕاشیگەیاند ئەو کۆمپانیایانە ئاگاداری یاسایی بوونی گرێبەستەکانیانن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ماجید جەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی ئێستای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەکانی غازی خورمەڵە و چەمچەماڵ لەلایەن دانەغازەوە ڕۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجایە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکە دەیەوێت بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دوو هێندە بکات بۆ یەک ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.
ناوبراو هیوای ئەوەشی خواست حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا کێشەکانی نەوت و گاز چارەسەر بکات.
Your Comment