گەنجان کوردستانی سووریا بەجێدێڵن/ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا قەیرانی سووریای لەبیر بردەوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) دەڵێت: شەڕی یازدە ساڵە بووە هۆی ئەوەی خەڵک و گەنجە کوردەکان، کوردستانی سووریا بەجێبێڵن کە ئەمەش لە داهاتوودا گۆڕینی دیمۆگرافی و زیانی کوردەکانی لێدەکەوێتەوە.

ڕزوان سیدۆ ئەندامێکی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە زیاتربوونی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: دۆخەکە لە کوردستانی سووریا زۆر شڵەژاوە و ترس لە ناو خەڵکدا زیادی کردووە.

ناوبراو درێژەی دا: زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا دەریدەخات کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانی بەشدار لە قەیرانی سووریا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەردۆغان هەڵکردووە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپباران هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی لە باکووری سووریا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توركیا نەیتوانیوه‌ مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت بۆ هێرشی زه‌مینی، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌وڵ ده‌دات هێرش بكاته‌ سه‌ر خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕاشیگەیاند کە هێرشەکەی تورکیا شەپۆلێکی نوێی ئاوارەیی لە باکووری سووریای لێکەوتووەتەوە و ڕوونی کردەوە: تورکیا و گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای تۆپباران کردنی گوند و خاڵە سنوورییەکان خەڵکیان لە گوندەکانیان ئاوارە کردووە. رۆژانە هێرشەکان بەردەوامن و بەشێک لە گوندەکان چۆڵ کراون.

سیدۆ روونی كردەوە: ژمارەیەک زۆر لە گەنجە كوردەکان بەهۆی بێهیوا بوونیان لە دۆخی وڵات و چارەسەر نەبوونی قەیرانی 11 ساڵەی کوردستان، ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن و ڕوو دەکەنە ئەورووپا و ئەمەش لە داهاتوودا گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و زیانی کوردەکانی لێدەکەوێتەوە و لە بەرژەوەندیی دیکەی ئەتنیکەکانە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قه‌یران له‌ ئۆکراینا، پرسی سووریا له‌بیر چووه‌ته‌وه‌، ئێستاش جیهان چاوی بڕیوەتە شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئه‌م بابەتەیش چارەسەر کردنی قەیرانی سووریای بۆ کاتێکی نادیار دوا خستووە.

News Code 6749

Your Comment

You are replying to: .
captcha