کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەممە 2/7/2019 مەسروور بارزانی سهرۆك وهزیرانی راسپێردراوی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، وێڕای تاووتوێکردنی پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچەکانی تایبەت بە مادهی (140) تاووتوێکرا و جەخت لە چارهسهركردنی كێشهكان لهسهر بنهمای دهستوور کرایەوە.
لە دیدارەکەدا مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نهتهوه یهكگرتووهكان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان، لە نێویاندا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووك و ئادەدانکردنەوەی ناوچە زیانمەندەکانی شەڕی تیرۆریستان داعش و رایگەیاند، چاودێری و سەرپەرشتکردنی پرۆسەکە لەلایەن نهتهوه یهكگرتووهكان بە پێویست دەزانرێت.
لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەوڵ و بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو لە بواری چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان نیشاندا.
Your Comment