بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وا بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دانیشتنێک بکرێت بەمەبەستی دیاری کردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام لە قسەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا وا دیار بووە کە هێشتا رێکنەکەوتوون لەسەر دیاری کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران تا رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت، چوونکە بڕیار وایە لە هەمان رۆژدا کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، بابەتی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ماوەتەوە و دانیشتنەکانی پەرلەمان کە دەست پێدەکات بەرنامەی ئاسایی دەبێت و تاوتوێ کردنی بابەتەکانی حکوومەتی پێشوو کە نەچووەتە بەرنامەی کارەوە و گرنگە بۆ هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی عێراق.
سروە عەبدولواحید ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە ئەوەیە کە پەرلەمان کارەکانی خۆی ئەنجام بدات لە یاسادانان و چاودێری کردن.
دەشڵێت، بەگوێرەی بڕیاری داگای فیدراڵی پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لەم حکومەتە و وەزیرەکان بکات و بابەتی چاودێریش بەرتەسکراوەتەوە و هەر بە گوێرەی بڕیارەکەش حکومەت ناتوانێت پڕۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان و پەرلەمانیش خۆی ناتوانێت پڕۆژە یاسا پێشکەش بکەت و تەنها دەتوانێت پێشنیاز بکات.
لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانەوە باسی لەوەش کرد، بابەتەکە پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە نەوەک پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، چونکە لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگییە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا نەوەی نوێ داوای کردووە لە پەرلەماندا رۆڵی پێبدرێت و لە سەرۆکایەتییەکان و لیژنەکاندا رۆڵی هەبێت و پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێت بە ئۆپۆزسیۆن یان لایەنێکی سەربەخۆ.
وتیشی، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەبەرامبەر داواکەی ئەواندا بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هیچ ناڕەزایەتییەکیان نیشان نەداوە و بابەتەکەش تا رادەیەک پەیوەندی دارە بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەڵام پێویستە ئۆپۆزسیۆن رۆڵی خۆی کاریگەری خۆی هەبێت لەناو پەرلەماندا.
لەبارەی ئەم خولەی پەرلەمانەوە باسی لەوەش کردووە، کە نە پەرلەمانی ئێستا و نە حکومەتی نوێ ئەگەر پێکبهێندرێت چاوەڕوان ناکرێت تەمەنێکی درێژی هەبێت و حکومەتی نوێ تووشی ئاستەنگی زۆری دەبێت و ناتوانێت تا کۆتایی بەردەوامی نابێت.
Your Comment