پڕۆسەی تەعریب لە کەرکووک بەردەوامە و ئێستاش لە هەموو کات زیاترە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سیاسەتوانی کورد و ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە نامەیێکی کراوەدا بۆ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لەبارەی دۆخی مەترسیداری کەرکووک دەدات و داوا دەکات بە زووترین کارت بەهانای ئەو شارەوە بچن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نامەیێکی کراوەدا لەلایەن مەلا فەرمان ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لەبارەی دۆخی مەترسیداری کەرکووک دەدات و داوا دەکات بە زووترین کارت بەهانای ئەو شارەوە بچن.

دەقی نامەکە:

تەعریبی بەعسیان بەردەوامە، بەبەرچاومەوە خەلە و دەغڵ و دانی برا جووتیارەکانم دەسووتیندرێ. پرسیار دەکرێت کێ دەیسووتێنێت. داعش یان کەسانی تر... دواتر ئەمە روون دەکەمەوە. لەولاشەوە سەرۆک وەزیران دەڵێت " راگەیاندنەکان رووداوەکانی کەرکووک گەورە دەکەنەوە". بەڵام ئەوەی بەندە دەیبینێ بێچەوانەکەی راستە.

یەکەم : میللەت : بۆ ئەوەی زیاتر زەرەرمەند نەبن داواتان لێدەکەم لە نێوان پێکهاتەی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان لە لایێک و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایێکی تر ببن بە شایەد و دادوەر.

دووەم :جەنابی سەرۆک کۆمار: دو داوام هەیە:

1- جەنابت ماوەیێک لەمەوبەر سەردانی نەجەفت کرد، ئێستاش لە سەفەری عومرەی، تکام وایە دوعای خێر بۆ ئێمەی خەڵکی کەرکووک بکە بەڵکە خودا دوای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر میللەتەکەمان هات بەزەیی پیێمان بێتەوە و ئاوڕێکمان لێبداتەوە. چوونکە سیاسیەکان و حیزبەکانمان لە خزمەت کردنی نیشتمان درۆیان کرد و شکستیان هێنا.

2- پێداگری بکە لەسەر جێبەجێ کردنی بەندەکانی دەستووری عێراق، ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەکانی جەنابت.

پێشتر هەر لە بارەی کەرکووکەوە لە رێگەی فراکسیۆنی گۆڕانەوە نامەیێکم بۆ جەنابت نارد، تا ئێستا بی وەڵامە.

سێیەم : جەنابی سەرۆک وەزیران:

دەربارەی کێشەکانی کەرکووک جەنابت دەڵێی " دەزگاکانی راگەیاندن زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەیان کردۆتەوە". دیارە جەنابت دەرئەنجامی رای ئەو لیژنەیەیە کە هاتنە کەرکووک و تەنها ئەوانەیان بینی کە لە بینای پارێزگان و پارێزگاریان بینی. دڵنیابە زۆر دوورە لە راستیەوە و راستیەکانیان شاردۆتەوە. دڵنیابە رووداوەکان زۆر لەوە گەورەتر و خەتەرترە لەوەی لە راگەیاندەکان باس دەکرێت. لێرە بە پێویستم زانی ئەم پرسیار و روونکردنەوانە باس بکەم:

1- دەربارەی سووتانی خەلە و دەغڵ و دان، تاوانەکە دەخەنە سەر داعش.. بەندە دوای سەردانی گوندە کورد نیشینەکان و بینینی چەندین جووتیاری حەویجە دەرکەوت کەسانی تر لە پشتی ئەم کردەوەیەن: خەڵکەکە دەڵێن " لەو کاتانەی داعش دەسەڵاتی لە ناوچەکە هەبوو یەک پارچە دغڵ نەسووتا، ئێستا بە ڕۆژی رووناک زەویەکان گر دەگرن".

2- درووست کردنی گوندەکانی العزة، الزهراء و ال بودێر لە نێوان کەرکووک و دوبز، دوای ١٦/١٠ ،بە بریاری کێیە؟ ئەمە ئەگەر درێژەدان نەبێ بە سیاسەتی تەعریب ئەبێت چی بێت؟

3- گردبوونەوەی زیاتر لە ١٥٠ لە عەرەبی شەمەر لە گوندی پەڵکانە و ناوچەی سەرگەڕان، بە ئەمری کێیە؟ لەم بارەوە داوات لێدەکەم لە نزیکەوە بەدواچوون بکە لەسەر ئەم دوو خاڵە:

• تا ساڵی ١٩٧٥ واتە بەر لە تەعریبی بەعس ناوی یەک خوێندکاری عەرەب و مناڵی شەمەر لە تۆماری قوتابخانەی پەڵکانە نیە، ئەم قوتابخانەیە لە ١٩٤٨ درووس کراوە.

• لە گۆڕستانەکە یەک گۆڕی عەرەب و شەمەری لێ نیە.

4- پێکهاتەی کورد، کاتێ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ئیتحادی دەبێنێت لە هەمان شوێنەکانی سوپای سەردەمی سەدام ، بە تایبەتی لە ناوچەکانی شوان و ساڵەیی کە دوو ناوچەی ئارامن و هیج کێشەی تێدا نیە، پرۆسەی تەعریب و ناوچەی ئامنەی سەردەمی بەعس و تەرحیل و تەهجیری دێتەوە بەرچاو و یاد.

چوارەم : پەرلەمانی عێراق

بفەرموون، بڕواننە ئەو دوو نامەیەی سەرەوە.

ئەمەی سەرەوە بەشێکی کەمی راستیەکانن، بەردەوام بوون لەم سیاسەتە نەک هەر پێکەوەژیان لە کەرکووک دەخاتە مەترسیەوە بەڵکە بەدوور نازانرێت تەشەنە بکات بۆ هەموو عێراق و دەستی دەرەکیشی تێ بکەوێ. بۆیە باشتروایە راستەوخۆ دەست بکرێت بە چارەسەری کێشەکان و چیتر دەستی دەستی بە دەستووری عێراق و مادەی ١٤٠ نەکرێت. راستیێک لێرەدا دەمەوێ بێڵێم " پیکهاتەی کورد لەم ناوچانە لە دەسەڵاتی ئێوە خەریکە بێ ئومێد دەبێت، وەک لە دەسەڵاتی هەرێمێش بی ئومێد بووە و متمانەی نەماوە، چونکە لە نێوان بەردەئاشی ئێوەدا خەریکە دەهاڕدرێین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54193

Your Comment

You are replying to: .
captcha