پارتی و کرژکردنەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکدا سەرنجی خستۆتە سەر هەوڵە کردەییەکانی پارتی بۆ خێراکردنەوەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو حکوومەتە.

کوردپرێس:

بەهۆی درێژەكێشانی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پۆستەكانی یەكێتی لە كابینەی داهاتوودا، هەنگاوە كردەییەكانی نێو پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و هەمواركردنەوەی لەگەڵ پرۆسە سیاسییەكەی دەرەوەی پەرلەمان هاوتەریب نییە. ئەگەرچی بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە كۆ ببنەوە، بەڵام بەرپرسانی پارتی دەڵێن خەریكە بە تەواوی لە یەكێتی نائومێد ببن "واتێدەگەین ئامانجی یەكێتی هێشتا كات­كوشتنە".

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامانجی حیزبەكەی لە زوو تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی بەربژێرانی حیزبەكە بۆ دەستبەكاربوون لە پۆستەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتدا، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە "حكوومەت لەوە زیاتر دوا نەكەوێ".

ئەو بەرپرسەی پارتی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە دەڵێت هەموو هەوڵێك دەدەن، یەكێتی لە دەرەوەی پێكهێنانی حكوومەت نەمێنێتەوە "بەڵام نابێت یەكێتیش تەنیا بیر لە كات­كوشتن بكاتەوە و پێویستە لەگەڵ ئەو هەموو هەنگاوەی پارتی، ئەویش چەند هەنگاوێك بێتە پێش و رێكبكەوین".

بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) لە چەند سەرچاوەیێكی یەكێتی و پارتییەوە دەستی كەوتوون، لە دواهەمین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبەدا، یەكێتی مەبەست لە شەراكەتی راستەقینەی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانی، كشتوكاڵ، پەروەردە، گواستنەوە، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەڵام پارتی رەتی كردووەتەوە جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەكێتی.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، پێی وایە لە حاڵەتی رازی­نەبوون بەو خواستانە، دەكرێ "زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم، ئاڵۆزییەكان لەسەر رێگای دانوستاندن لاببات" و پێی وایە پارتی بەو رێككەوتنە بە پەلەیەی لەگەڵ گۆڕان "هەڵەی كرد". ئەوەش دەستی یەكێتیی كردووەتەوە بۆ ئەوەی خواستەكانی بەرز بكاتەوە "چونكە گۆڕان وەك لایەنی سێیەم ئەوەندەی پۆست بەركەوتبێ، یەكێتی مافی خۆیەتی لە گۆڕان زۆرتر داوا بكات". هەرچەندە فەرید ئەسەسەرد، بە ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بۆ رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دەشڵێ ناكرێ دوای ئەوەی واژۆت خستە سەر رێككەوتن جارێكی دیكەدا بە رێككەوتنەكەدا بچیتەوە :"بەڵام ئێمە وای­دەبینین گۆڕان وەك براوەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دەردەكەوێ، بە كورسیی كەمەوە پۆستی زۆری بردووەتەوە".

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، باسی وردەكاریی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پارتی دەكات و دەڵێ :"گفتوگۆكانمان لەگەڵ پارتی هێشتا قوفڵ نەبووە" لەبارەی كێشە گەورەكەیان لەگەڵ پارتی، رەتی دەكاتەوە وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێت "گوتوومانە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش، پێكهاتوون لە هێزی پارتی و یەكێتی و دەبێت ئەو دوو هێزە لەو پۆستانەدابن، گۆڕان كە پێشمەرگە و هێزی نییە، بۆچی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگەی لابێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نوێترین داواكاریی خۆیان پێش كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی پارتی و یەكێتی دەخاتە ڕوو: "دەمانەوێ بە خاڵ پۆستەكان دابەش بكرێنەوە، چوونكە بە خاڵ هەموو لایێک بەشی خۆی بەردەكەوێت" ئەوە لە كاتێكدایە كە یەكێتی لە سەرەتای پرۆسەكەوە، بە بنەماكردنی خاڵ و دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێمی رەت دەكردەوە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتی دەكاتەوە رازی ببن بەوەی بۆ رازی­كردنی یەكێتی دەستكاریی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بكرێ :"ئێمە كێشەمان لەگەڵ پۆست نەبوو، بۆیە رازی بووین بەوەی بەو پۆستانەی ئێستا بەشداری بكەین، بەڵام ویستمان پرۆسەكە پەكی نەكەوێت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "رووداو" كەوتووە، دوای پشووی نەورۆز و تاوەكوو كۆتایی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان رێكارەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێدەكات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە، دواتر تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، سەرۆكی هەرێم كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، لە ماوەیێكدا كە لە (30) رۆژ تێپەڕنەكات.

بژار كۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێ پارتی لەبەر رەچاوكردنی دۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و یەكێتی، شەش مانگ چاوەڕێی كردووە "بەڵام یەكێتی نەهاتووەتە پێشەوە و واتێدەگەم یەكێتی بەرنامەی وابێت شەش مانگی دیكەش بخایەنێ، من دڵنیا نیم لەوەی پارتی بە فەرمی ئەو بڕیارە دەدات یان نا، بەڵام پێم وایە هەفتەیێكی دیكەش چاوەڕوانی یەكێتی دەكات، ئەگەر هەر نەیەنە پێش ناچارین یاسای سەرۆكایەتی ئامادە و دواتر هەموار بكەینەوە و نێچیرڤان بارزانی، دەست­بەكار ببێ و بەپێی یاسای ژمارە 1 ساڵی 2005 هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ دەگەڕێتەوە، دواتر لە دەستووردا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێوازی كاركردنی یەكلایی دەكرێتەوە".

بۆ دەستكردن بەو پڕۆسەیە، پەرلەمانی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سێ یاسای تایبەت بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە، دەكرێن بەیەك پڕۆژە یاسا سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە و دەسەڵاتەكانی بۆ بگەڕێتەوە و پاشان یاساكەی هەموار بكرێتەوە، یان بە سێ پڕۆژە یاسا رێكارەكانی كاراكردنەوە و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان و هەمواركردنەوەی یاساكە دەنگی لەسەر بدرێت.

بەوەشەوە یەكێتی هێشتا بڕیارینەداوە بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات، كەواتە چۆن بەشداریی لە ئامادەكردنی یاساكەدا دەكات؟ ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێ "كێ دەڵێ تاوەكوو ئەوكات بەشداریی ناكەین؟ ئینجا خۆ ئامادەكردنی یاساكە و هەمواركردنی كاتی پێویستە و بە یەك دوو رۆژ ناكرێ".

News Code 52650

Your Comment

You are replying to: .
captcha