به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه 5ی ئاداری 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق پاش کۆبوونه‌وه‌ی ئەنجومەنی وه‌زیران له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که وڵاته‌که‌ی له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا میوانداریی چه‌ندین که‌سایه‌تیی گرنگ ده‌بێت که ناوه‌کانیانی باس نه‌کرد.
سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له وه‌ڵامی پرسیارێکدا له‌باره‌ی ئه‌نجامنه‌دانی هیچ سه‌فه‌رێکی بیانی له کاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ی گوتیشی: له داهاتوویێکی نزیکدا سه‌فه‌ری وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌که‌م و بابه‌تی گرنگ له‌باره‌ی سه‌ردان‌کردنی وڵاتانی بیانی ئه‌وه‌یه که به‌رژه‌وه‌ندییێکی بۆ عێراق به‌دواوه بێت.
عه‌بدولمه‌هدی باسی له داڕشتنی هه‌ندێک به‌رنامه کرد بۆ به‌رده‌وامیی ڕاوه‌دوونانی چه‌کدارانی داعش له عێراق تاوه‌کوو له‌ناوبردنی به ته‌واوه‌تی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه و هاوپێوه‌ند به قاچاخی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه زیادی کرد: ڕێگای ناردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر بۆ عێراق زۆر دوور و درێژه چوونکه ماده‌ی هۆشبه‌ر له ئارژانتینه‌وه بۆ عه‌رسالی لوبنان و له‌وێوه بۆ سووریا ده‌گوازرێته‌وه و دواتر دێته ناو خاکی عێراق.
سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ده‌وڵه‌ت تێکڕای داواکارییه ڕه‌واکانی چینه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کۆڵێته‌وه و ڕاشی‌گه‌یاند: لیژنه‌ی ده‌وڵه‌ت بڕیارێکی زۆری له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی دارایی و ئیدارییه‌وه داوه.
شایانی باسه که به‌پێی به‌رنامه‌ڕێژییه‌کان بڕیاره حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو به یاوه‌ریی شاندێکی باڵا سه‌ردانێکی دوو ڕۆژه بۆ شاری به‌غدا پێته‌ختی عێراق ئه‌نجام بدات.
سه‌رچاوه: به‌غدا ئه‌لیه‌وم
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment