سه‌عدی پیره‌: یه‌كێتی سه‌ردانی سه‌رجه‌م حیزب ‌و پێکهاته‌کان ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- گوته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتیمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی یه‌کێتی سه‌ردانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسی ‌و پێكهاته‌كانی مه‌سیحی ‌و توركمان ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ی کانوونی یه‌که‌می 2018 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ (تۆڕی میدیاییی ڕووداو)ی گوت: له‌ سه‌ر‌وبه‌ندی دروست كردنی حكوومه‌تی نوێداین، ده‌بێت بۆچوونی سه‌رجه‌م حیزب ‌و لایه‌نه‌كان بزانین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ حكوومه‌ته‌كه‌ چۆن بێت، پێشنیازیان چییه‌ ‌و چۆن پشتیوانی لێده‌كه‌ن هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێتی به‌رنامه‌ی داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی سه‌رجه‌م حیزبه‌كان ‌و پێكهاته‌كانی مه‌سیحی ‌و توركمان بكات.

سه‌عدی پیره‌ گوتیشی: سه‌ردانه‌كان له‌ هه‌فته‌ی داهاتوووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن و پێشنیازی ئه‌و حیزب ‌و پێكهاتانه‌ش له‌ لای یه‌كێتی گرنگه‌ ‌و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌ بۆیه‌ بۆچوونیان وه‌رده‌گرین تاوه‌كوو كاری له‌سه‌ر بكه‌ین".

یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان 21 كورسی به‌ده‌ستهێنا و لایه‌نێكی سه‌ره‌كی به‌شداری له‌ کابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

دوو گه‌ڕی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت به‌ڕێوه‌چوون؛ له‌ گه‌ڕی یه‌که‌مدا پارتی سه‌ردانی یه‌کێتی و گۆڕانی کرد و له‌ گه‌ڕی دووه‌میشدا یه‌کێتی و گۆڕان سه‌ردانی پارتییان کرد. تاوه‌کوو ئێستاش پارتی سه‌ردانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌کردوووه‌ بۆ تاوتوێ کردنی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ که‌ ده‌یه‌وێ به‌شداری بکات به‌ڵام ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ شاندێکی کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عه‌لی باپیر سه‌ردانی یه‌کێتی کرد.

تاوه‌کوو ئێستاش ته‌نیا یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان و جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌ فه‌رمی رایانگه‌یاندوووه‌ که‌ ده‌بنه‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌شداری له‌ حکوومه‌ت ناکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50240

Your Comment

You are replying to: .
captcha