شاندێكی حکوومەتی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەم هەفتەیە شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکان لە هەولێرەوە دەچێتە بەغدا، بەرپرسێکی پارتییش ئاشکرای دەکات، قۆناغی گەرانەوەی داعش بۆ کەرکووک تەواو بووە و بارودۆخەکە بە مەترسیدار ناودەبات.

کوردپرێس:

محه‌مه‌د خورشید، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئاماژە بە هەڕەشەکانی داعش لە کەرکووک و دەوروبەری دەکات و دەڵێت: "ئه‌م دۆخه‌ وای كردووه‌ كه‌ پێویست بكات ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداش هێمنتر بیر بكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانی مەسعوود بارزانی بۆ به‌غدا".

محه‌مه‌د خورشید دۆخه‌كه‌ به‌ ترسناك ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: "ئه‌م بارودۆخه‌ رۆژ به‌ رۆژ خه‌راپتر ده‌بێت، له‌ڕووی ئه‌منییشه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ داعش ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ پێشبینیی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چوونكه‌ ئێستا داعش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ بوونی هه‌یه‌".

ناوبراو ئاشكراشی كرد، "له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مەسعوود بارزانیدا بۆ به‌غدا هه‌ردوو لا بڕیاریان داوه‌، بۆ گفتوگۆكردنی كێشه‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم شاندێك پێكبهێندرێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئه‌و شانده‌ ئێستا له‌قۆناغی ئاماده‌كاریدایه‌ و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكات و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌فه‌رمی ده‌ست به‌ تاوتوێكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستانیش داوا دەکات، "بۆ ئه‌و پرسه‌ لایەنە کوردستانییەکان به‌تاكلایه‌نه‌ ره‌فتار نه‌كه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ تەعامول لەگەڵ بەغدا بکەن".

دوای رووداوه‌كانی 16 ئوكتۆبه‌ر و گەڕانەوەی سوپا و حەشدی شەعبی و لەکارلادانی پارێزگاری کەرکووک، رۆژ به‌ڕۆژ کێشەکانی ناوچەی کەرکووک رووی له‌ فراوانبوون كردووه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ مه‌ترسییێكی گه‌وره‌لە سەر باری ئەمنیی پارێزگاکە و بەو مەبەستەش شاندەکە پێک هێنراوە و سەردانی بەغدا دەکات.

*لە میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە

News Code 49898

Your Comment

You are replying to: .
captcha