به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ڕۆحانی پاش کۆتاییی کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئێران بۆ میدیاکانی ڕاگه‌یاند: "ده‌بێت له دژی ئه‌وانه بوه‌ستینه‌وه پیلان له دژی وڵاته‌كه‌مان ده‌گێڕن، ئێستا گه‌ل كێشه‌ی ئابووری و بژێویی هه‌یه و له بودجه‌ی ساڵی نوێ‌دا ئه‌م بابه‌تانه‌مان خستۆته پێش ھه‌موو بابه‌ته‌کانی‌تر و ئامانجمان ئه‌وه‌یه خه‌ڵک ئاهێكی بێته‌وه به به‌ردا."
ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: به‌ره‌وپێشبردنی به‌رهه‌مهێنان، فراوان كردنی بواره‌كانی كاركردن، كۆنتڕۆڵ كردنی هه‌ڵئاوسانی ئابووری و پاراستنی هه‌ژاران و نه‌داران هه‌ندێک ڕێگه‌چارن که له ساڵی داهاتوودا زیاتر ئاوڕیان لێده‌درێته‌وه.
حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رنجی بۆ كاریگه‌رییه‌كانی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئابوور و بژێوی دانیشتووانی وڵاته‌كه‌ی ڕ‌اكێشا و وتی: "سزاكان، فشاری ئابووری و ده‌ره‌كی هه‌ن به‌ڵام تا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌هاوێژرێن باش لێكبدرێنه‌وه و پێكهاته‌ی ئابووری به شێوه‌یێكی باش دابمەزرێنرێت، هیچ له‌رزین و بوومه‌له‌رزه‌یێک ناتوانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک هه‌بێت."
شایانی باسه؛ له ئێستادا به‌ھۆی دابه‌زینی به‌ھای دراوی ئێرانی، خه‌ڵکی ئێران ڕووبه‌ڕووی دۆخێکی سه‌ختی بژێوی بوونه‌ته‌وه و له ماوه‌ی ته‌نھا یه‌ک ساڵی ڕابردوودا به شێوه‌یێکی گشتی به‌ھای که‌ره‌سته پێویسته‌کانی ژیان به ڕێژه‌ی ١٥٠٪ زیادی کردوووه و له به‌رامبه‌ردا ئاستی بێ‌کاری و ھه‌ژاریی ھه‌ڵکشاون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment