به‌ره‌ی تورکمانی داوا ده‌کات پشکی که‌رکووک له‌ بودجه‌ی 2019دا زیاد بکرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانیی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ته‌رخان‌دانی پشکی که‌رکووک له‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتوو له‌گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایه‌ یه‌ک ناگرێته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ داوای زیاد کردنی 4 قاتی پشکی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ بودجه‌ی 2019دا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن تووران جێگری سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانیی عێراق له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که به‌ بۆچوونی ئه‌وان کێشه‌گه‌لی گه‌وره‌ی ئێستا نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی ناوچه‌ تورکمان‌نشینه‌ ئازادکراوه‌کانی بنده‌ستی داعش، ئاسانکاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان، نۆژه‌ن‌کردنه‌وه‌ی ژێرخانه‌کان و ڕێکخستنی خزمه‌تگوزاری گشتی و پڕۆژه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان وه‌ک پێداویستیی زۆری پارێزگای جێناکۆکی که‌رکووک له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ و شاره‌کانی ته‌له‌عفه‌ر و دوزخورماتوو ده‌بێت.

ناوبراو له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای ئێستای بودجه‌ی فیدڕاڵی ساڵی 2019ی عێراقدا به‌ گشتی 210 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای که‌رکووک ته‌رخان کراوه‌ و داوای زیادبوونی به‌شه‌بودجه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ کرد به‌ ئامانجی خزمه‌تگوزاری باشتر، گه‌شه‌ی ژێرخانه‌کان، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان و ڕه‌خساندنی هه‌لی کار.

جێگری سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی له‌وباره‌وه‌ گوتیشی: پارێزگای که‌رکووک پێویستی به‌ کڕینی کاره‌با، گه‌شه‌پێدانی سیسته‌می کۆکردنه‌وه‌ی زبڵ، باشترکردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ به‌شه‌کانی ته‌ندروستی و هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی ستراتێژیی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار بۆ ده‌رچوانی زانکۆ و بێکار وه‌ک فڕۆکه‌خانه‌ و پاڵاوگه‌وی نه‌وت هه‌یه‌.

ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ دانیشتوانی که‌رکووک چوار له‌سه‌دی تێکڕای حه‌شیمه‌تی عێراق پێکده‌هێنن و له‌ ئه‌نجامدا پشکی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ جێگه‌ی یه‌ک له‌سه‌د ده‌بێ چوار له‌سه‌دی بودجه‌ی گشتیی عێراق بێت و پێداچوونه‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ و زیادکردنه‌وه‌ی به‌شه‌بودجه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا به‌ زه‌روور ده‌زانێت و داوا له‌ نوێنه‌رانی په‌رله‌مانیش ده‌کات که‌ تاوه‌کوو چاککردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌ یاسایییه‌کانی پڕۆژه‌یاسای ئێستای بودجه‌ی عێراق ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سه‌ند نه‌که‌ن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی "بغداد الیوم"

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39290

Your Comment

You are replying to: .
captcha