کوردپرێس:
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، عەباس عەلی کەدخودایی وتەبێژی شۆرای نیگابانی ئێران لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیی: شۆرای نیگابانی ئێران ڕەتی کردۆتەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕۆژەی کۆنڤانسیۆنی بەرپەرچدانەوەی پشتیوانیی داراییی تیرۆریزم (CFT) پەسەند بکات.
ناوبراو زیادی کرد: دانیشتن و کۆبوونەوەی زۆرمان لە سەر ئەو پڕۆژەیە کرد و هەندێک لە بڕگە و خاڵەکانی لەگەڵ دەستوور و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک ناگرێتەوە و پێچەوانەی شەرعی ئیسلام و دەستووری ئێرانە بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان.
شیاوی ئاماژەیە پێشتر پڕۆژەکە لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابوو و بۆ یەکلابوونەوە نێردرابوویە شۆرای نیگابان و ئێستا کە شۆرای نیگابان ئەو پڕۆژەیەی ڕەت کردۆتەوە دیسانەوە دەنێردرێتەوە پەرلەمان و پاشان لە ئەنجومەنی دیاری­کردنی بەژەوەندییەکانی ئێران بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەمە 13ی گەڵاڕێزانی 1397 بەرانبەر بە 4ی تشرینی یەکەمی 2018 بڕیارە ئەمریکا قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی سەر ئێران ڕابگەیەنێت و لە ڕۆژی دووشەمەوە گەمارۆکان بچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
Your Comment