بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیی کرد لە عهلی باپیر، سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی، "لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان.
ئاماژە بەوەش کراوە لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پەرۆشی و هەوڵەکانی مامۆستا عەلی باپیری کرد بۆ پشتیوانی کردن لە یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوکات دڵنیاییدا لەوەی هیچ کارێک ناکەن پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاندووە، هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن.
ئەوەش هاتووە، لای خۆیەوە سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان ستایشی "ڕۆڵی حەکیمانەی لاهور شێخ جەنگی کرد کە بە شێوەیەکی زۆرباش مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و توانیویەتی هاوسەنگی بپارێزێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، "لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت و بە یەکدەنگی پشتیوانی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکەن.
پێش سەردانەکەی بۆ لای لاهور شێخ جەنگی، عەلی باپیر سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و شاندێکی یەکێتی کۆبووەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment