کوردپرێس: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ سمپۆزیۆمێکی زانستییانە لە سەر خوێندنەوەی ڕەخنەتەوەری دەق و وەرگێڕانی ڕۆمانی "حەسار و سەگەکانی باوکم" بەرهەمی شێرزاد حەسەن و وەرگێڕانی فارسیی مەریوان هەڵەبجەیی لە هۆڵی مامۆستا قانعی شاری مەریوان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا ڤیدیۆیێکی تایبەت بە مێژووی چالاکییەکانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین پێشکەش بە بەردەنگان کرا و سیروان کۆنەپۆشی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین، بە پێشکەش کردنی پەیامی ناوەندەکە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد.
لەگەڵ دەستپێکردنی پەنێلە زانستییەکە مەنسوور ڕەحیمی بەرپرسی کومیتەی ئەدەبیاتی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین بابەتێکی لە سەر دەستپێک و تەوەری سەرەکیی ورووژێندراو لە حەسار پێشکەش کرد بە چەند نموونەیێکی کورت لە سەر ترۆمای کۆمەڵایەتی و کەشی تاسێنەر لە حەسار دوا.
مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ سەر زمانی فارسی، بە وتارێک لە سەر پێگەی ڕۆمانی حەسار لە نۆڤێڵتی کوردیدا، پەرژایە سەر مێژوویێکی کورتی نۆڤێڵتی کوردی و سەنگ و پێگەی نۆڤێڵتی حەسار لە کتێبخانەی کوردی.
لای خۆیەوە سروە مینبەری پسپۆڕی بواری وەرگێڕان، بە وتارێک لە سەر "سێبەری وەرگێڕ بە سەر دەقدا" شرۆڤەیێکی ئاکادیمییانەی لە سەر بەربەست و داهێنان و بوونی وەرگێڕ لە دەقی وەرگێڕان پێشکەش کرد و چەند دێڕێکی لە دەق و وەرگێڕانی ڕۆمانی حەسار بە نموونە هێنایەوە و هەوڵی دا وەڵامێکی زانستییانە بۆ ئەو پرسیارانە بخاتە ڕوو کە: بەربەستەکانی گواستنەوەی شێوازی دەقی ئەدەبی لە وەگێڕاندا چین؟ و هەڵبژاردەکانی وەرگێڕ کاریگەرییان لە سەر شێوازی دەقی فارسی حەسار و سەگەکانی باوکم چیە؟
هەر لەو پەنێلەدا کاوان محەمەدپوور نووسەر و توێژەری کورد بابەتێکی لە ژێر ناوی "خۆوێژیی «حەسار»؛ دۆڕان لەهەمبەر گوتاری زاڵ" پێشکەش کرد و هەوڵی دا بە باسێکی ڕەخنەتەوەربپەرژێتە سەر ئەو خوێندنەوە دەروونشیکارییانەی لە سەر "حەسار..."، کراوە و وەڵامێکی ئەو پرسیارە بداتەوە کەڕەخنە دەروونشیکارییەکانی پێشووتر تا چ ڕادەیەک توانستی شی کردنەوەی ناوەرۆکییان هەبوو؟ دواتر پەرژایە ڕێژەی متمانە بە گێڕانەوەی وەگێڕ و شێوازی خۆ نواندنەوەی پێکهاتەی واقعییەتی کۆمەڵایەتی- دەروونی لە جیهانی چیرۆک.
لە بەشی کۆتاییی پەنێلەکەشدا پرسیار و بۆچوونی ئامادەبووان وەرگیرا و وڵامی پەیوەست بە هەر یەک لەو پرسیارانە لە لایەن لیژنەی پەنێلەوە پێشکەش کرا.
سمپۆزیۆمی خوێندنەوەی ڕەخنەتەوەری دەق و وەرگێڕانی "حەسار و سەگەکانی باوکم" دەستپێکی زنجیرە پەنێل و دانیشتنێکە کە لە سەر ئەرکی کومیتەی ئەدەبیاتی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژینەوە پێشکەش کراوە و کومیتەکە مەبەستیەتی لە داهاتوودا بەردەوام بێت لە سەر ئەو پەنێلە زانیستییانە. هەر بەم بۆنەیەشەوە بەناوی کومیتەی ئەدەبیاتی ڤەژینەوە داوا لە هەموو نووسەران، توێژەران، ئەدەب دۆستان و بەتایبەتی لایەنگرانی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی دەکات بە تێبینی و پێشنیار و ڕاوێژیان پاڵنەر و یارمەتیدەری ئەو کومیتەیە بن بەو هیوایەی ڤەژین بتوانێت کەلەبەرێکی سامانی دەوڵەمەنی ئەدەبیی گەلەکەمان بگرێت.
ڕاپۆرتی تێر و تەسەلی سمپۆزیۆمەکە دواتر بڵاو دەکرێتەوە
Your Comment