خوێندنەوەی ڕەخنەتەوری ڕۆمانێکی شێرزاد حەسەن لە مەریوان بەڕێوە دەچێت

سمپوزیۆمی خوێندنەوەی ڕەخنەتەوەر لە سەر دەق و وەرگێڕانی ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم، بەرهەمی نووسەری کورد شێرزاد حەسەن لە هۆڵی مامۆستا قانعی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی شاری مەریوان و لە سەر ئەرکی ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژین بەڕێوە دەچێت.

کوردپرێس: ڕۆژی چوارشەمە ۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۴ (۲۳/ ۰۷/ ۲۰۲۵) کاتژمێر ۵ی ئێوارە، سەمپوزیۆمی خوێندنەوەی ڕەخنەتەور و زانستی لە سەر دەق و وەرگێڕانی ڕۆمانی "حەسار و سەگەکانی باوکم" بەرهەمی شێرزاد حەسەن بە بەشداریی نووسەران و ئەدەب دۆستان و ڕووناکبیران و چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان و لە سەر ئەرکی ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژین بەڕێوە دەچێت.
لەو سمپوزیۆمەدا مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ سەر زمانی کوردی، بە وتارێکی لە سەر کارەکەی خۆی و دەقی مەبەست بەشدار دەبێت.
کاوان محەمەدپوور نووسەر و توێژەری کورد بە وتارێک لە ژێر ناوی "خۆوێژیی «حەسار»؛ دۆڕان لە هەمبەر گوتاری زاڵ" بەشداریی پەنێلە زانستییەکە دەکات.
هەروەها د. سروە مینبەری توێژەر و پسپۆڕی وەرگێڕان و مامۆستا لە بەشی ئینگلیزی، وتارێک لە ژێر ناوی "سێبەری وەرگێڕ بە سەر دەقدا؛ تێڕوانینێک بۆ وەرگێڕانی فارسیی حەسار و سەگەکانی باوکم" پێشکەش دەکات.
ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم پەنێلە زانیستییە لە ئەستۆی د. مەنسوور ڕەحیمی توێژەری ڕەخنەی ئەدەبی و مامۆستای بەشی ئەدەب لە شاری مەریوان دەبێت.
حەسار و سەگەکانی باوکم کورتەڕۆمانێکی نووسەری کورد، شێرزاد حەسەنە کە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٦ لە ھەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە خێزانێکی کورد دەکات کە باوک و پیاوی ماڵێ لە چوارچێوەی حەسارێکدا ژن و منداڵەکانی دەچەوسێنێتەوە و دواتریش لە پێناو وەدەستھێنانی ئازادی دا، لەلایەن کوڕەگەورەکەیەوە دەکوژرێت...
ئەو ڕۆمانە یەکەم جار ساڵی ۱۳۸۴ واتا ۸ ساڵ پاش بڵاوبوونەوەی لە لایەن عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی. لە هەمان ساڵدا مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی پڕکاری کورد، بۆ جاری دووهەم بەرهەمەکەی کردووە بە فارسی و ڕەزا کەریم مجاور دیسان وەرگێڕانێکی دیکەی لەو ڕۆمانە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە
.

News ID 225767

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha