بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) لە شاری دهۆک ڕایگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق هیچ بایەخێک بە ئێزدییەکان نادرێت و بۆیان گرنگ نییە."
ناوبراو وتیشی: خوارووی عێراق هەتا ساڵی ۲۰۱۴ نەیاندەزانی ئێزدی چییە، کاتێک دەمگوت من ئێزدیم پەرلەمانتارەکانی ئەوێ تووشی سەرسووڕمان بوون و نەیاندەزانی و دەیانپرسی ئێزدی چییە؟ لە دوای ساڵی ۲۰۱۴ بەهۆی جینۆسایدی و ڕفاندنی ئێزدییەکان ناوی ئیزدییەکانیان بیست، بەڵام ئەوە گرنگ نییە تۆ بزانی ئێزدی کێیە و چییە، گرنگ ئەوەیە تۆ وەکو حکوومەت، وەکوو دەوڵەت چەند مافی ئەوانت داوە.
ئەو ئەندام پەرلەمان دەشڵێت: "لە ساڵی ۲۰۰۵ سەرۆک بارزانی دەستووری دانا، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ناوی ئێزدی لەناو دەستووردا هەبێت و ئێستا وەکو کۆنفرانسی لەم شێوەیە نەکراوە، ئەوا دەمانگووت بە خەڵکی ئێمە ئێزدی نین، بەڵام جەنابی سەرۆک گوتی: قبووڵ ناکەم دەستوورێک هەبێت ناوی ئێزدی تێدا نەبێت. ئەو لە بنەڕەتدا ئەوەی بۆ ئێمە دانا لە عێراق."
ڤیان دەخیل وتیشی: چارەی پرسی ئێزدییەکان بۆ عێراق گرنگ نییە، چونکە چەندان جار ئەو پرسیار و پرسەمان لەگەڵیاندا وروژاندووە، هیچ وەڵامێکی ئەوتۆ نادەن بە ئێمە، بارودۆخی ئێمە لە دوای ساڵی ۲۰۱۴ کە ۴۰۰ هەزار ئیزدی خەڵکی شنگال ئاوارە بوون و ۱۱ ساڵە لەناو کەمپەکاندان کە زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرم هەیە، هیچ چارەیەکیان بۆ دۆخی ئەوان نەدۆزییەوە.
ڤیان دەخیل ڕاشیگەیاند: "ئێمە ڕێککەوتنی شنگالمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە و هەیە، بابێن جێبەجێی بکەن هەرنا ئاوارەکان بگەڕێننەوە بۆ شوێنی خۆیان و سەقامگیریی و ئاوەدانی و دروستکردنی باڵەخانە و ئەمنییەتی ژیانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەوە چەندان ساڵە حکوومەتی عێراق کەیسی ئێزدییەکان پەراوێز دەخات و بایەخی پێ نادات".
Your Comment