کوردپرێس:
سبەی دوشەمە 26ی نیسانی 2021 دانیشتنی دادگای تورکیا لەبارەی کەیسی 108 کەسی دەستبەسەرکراو بەڕێوە دەچێت کە لە ڕێپێوان بۆ پشتگیری کردنی کۆبانێ دەستبەسەرکرابوون و ئەندامانی هەدەپەن و لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەش دەبینرێت.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا باسی ئامادەباشیی HDP بۆ ئەو دادگایە دەکات و دەڵێت 1200 پارێزەر ئامادەی پشتگیری کردنی هەدەپەن.
سکرتێر و نوێنەرانی سەندیکاکانی پارێزەران لە ئیزمیر و ئامەد و وان و شرناخ و ئۆرفا و دێرسیم و جۆلەمێرگ و ئاکرێ و بۆرسا و مێردین پارێزگاری کردنی دۆسیەکەیان گەرەنتی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە دۆسیەی کۆبانێدا ئەم تۆمەتانەی دیکەش خراونەتە پاڵ دەستبەسەرکراوان: گوشتن 37، دەست بردن بۆ کوشتن 31، تاڵان کردنی سامان 24، دەستبەسەرداگرتنی سامان 38، هەوڵدان بە نیازی دەستبەسەرداگرتنی سامان 2، زیان گەیاندن بە سامانی گشتی 1750، زیان گەیاندن بە سامانی گشتی لە ڕێگای سووتاندنەوە 397، بریندارکردنی کارمەندی دەوڵەتی بە چەک 364، هاندانی هاووڵاتییان بۆ نافەرمانی کردن و ئاژاوەگێڕان و زۆر تۆمەتی دیکەش.
Your Comment