مەسعوود بارزانی دیار نەبوو... غایبە گەورەکەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق/ حەسەن ساڵحی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نووسەری ئەم یادداشتە تیشکی خستۆتە سەر دەرنەکەوتنی مەسعوود بارزانی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەڕلەمانی عێراق کە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوە چوو و چەند گریمانەیێک وەکوو هۆکاری دەرنەکەوتنەکەی بارزانی دەخاتە ڕوو و پێی وایە هۆکارەکە هەرچی بێت یەک ئەنجامی هەیە و ئەوەش کاژ خستنی سەرکردایەتیی سیاسیی پارتییە پاش نزیکە 40 ساڵ.

کوردپرێس- مەسعوود مستەفا بارزانی لە سیاسەتی کوردی و عێراقیدا سیمایێکی ناسراوە و لە ماوەی 15 ساڵی حوکمڕانی پاش ڕووخانی سەدامیشدا ناوی کەوتە سەر زاران لە ئاستی جیهاندا. لە ئاقاری ئاڵۆزی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هۆگران و هاوبیرەکانی بارزانی، ئەو کەسایەتییە بە قارەمان دەزانن و وەکوو هێمای نیشتمانپەروەری سەیری دەکەن کە بونیاتنەر و داڕێژەری پڕۆژەی کوردستانی سەربەخۆ لە سەردەمی نوێدا بوو و دژبەرەکانیشی وەکوو سەرکردەیێکی کوردی خاوەن بیرۆکەی عەشیرەیی لە بارزانی دەڕوانن و بڕوایان وایە پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعسی عێراقی ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا کە ماوەی 12 ساڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکات بەڵام نەیتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و ئەو فەترە 12 ساڵەیەی سەرۆکایەتیش نەیتوانی تۆسقاڵێک کەسایەتی و هزری بارزانی بگۆڕێت.

سەرەڕای ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی پاش 2003 بەرز بوویەوە بەڵام بە مێشکی کەسدا نەدەهات کە هەولێر –پێتەختی ئەو هەرێمی بچووکە- لە بەر شەڕی داعش ببێتە وێستگەی قەرەباڵغی هاتوچوون و سەردانی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی ئەورووپی بە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و دیکەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەروەها وڵاتانی ناوچەکەش. لەو نێوانەدا مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005ەوە بووە سەرقاڵترین سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیداری ناوبراو لەگەڵ شاندە سیاسی و سەربازییەکانی جیهان بارزانیی کردە "پریزیدنت". دەستەواژەی پریزدێنت ئەو دەستەواژەیە بوو کە میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ مەسعوود بارزانی بەکاریان دەهێنا و بەو دەستەواژەیە دانووستان و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرا و لە وڵاتانی گەورەی ئەورووپا فەرشی سووری بۆ ڕادەخرا و پێشوازیی لێدەکرا و تەنانەت بۆ سەفەر کردن بۆ هەندێک لە وڵاتانیش مەرجی دادەنا.

پاش ئاوا بوونی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سەرهەڵدانی کەشی نوێی سیاسی و سەربازی لەو وڵاتەدا لێدوان و بەیاننامەکانی مەسعوود بارزانی دەلالەت بوون لە سەر نیگران بوونی "پریزدنت" لە ئایندەی سیاسیی خۆی و کوردستان بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بەبۆنەی شەڕی داعشەوە پاش سەد ساڵ کەتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەی کورد.

مەسعوود بارزانی باش دەیزانی کە قۆناغی پاش داعش بەرەو ئاقارێک دەچێت کە هەرێمی کوردستان لە چاو ڕۆڵگێڕانی ناوچەکە و دەسەڵاتی جیهانی قورسایی ئەوتۆی نابێت و چیتر هەرێمی کوردستان داڵغەی زلهێزان نابێت تاوەکوو کورد بتوانێت لە ڕێگای ئەوانەوە داواکانی خۆی بچەسپێنێت.

لە لایێکی ترەوە پەیڕەوی نێودەوڵەتییش ئەو بنەمایە سەلماندوویەتی کە هەرگیز کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرگیز لە بەر دەورگێڕانی ناحکوومی دەست لە هیچ دەوڵەتێکی مەرکەزی بەرنادات با ئەو دوڵەتە کەم هێز و نادیموکراسییانەش بێت. سەرەڕای ئەوەش لاواز دەرکەوتنی کورد لە جێگیر کردنی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق بابەتێکی مەترسیدار بوو. بارزانی خۆی بە سەرکردەی ڕەهای کورد دەزانی و دەرەچەی ئەو پرسەی بەوە دەزانی کە ڕێککەوتنی "یایکس پیکۆ" و مەرکەزییەت لە عێراق هەڵبوەشێتەوە. ئەو بڕیارە زیاتر لە قومار دەچوو چوونکە هەموو وڵاتانی دۆستی کوردستان لە ناوچەکە و جیهان دژی بوون. بارزانی لە بۆچوونە شەخسییەکانیدا باشی حساب نەکردبوو. ئەو ڕاوێژانەی لە کەسانی دەوروبەر و لە ڕاوێژکارە ئەورووپییەکان وەریدەگرت دەوری سەرەکیی بینی لەو ئەنجامە باج قورسە و لێکەوتە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ڕیفراندۆم. سەرەتای قۆناغی نوێی پاش داعش فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان چیتر فەرشی سووری تێدا دانەدەخرا کە تێیدا پێشوازی لە سەرکردەکان وڵاتانی زلهێز بکرێت بەڵکوو تەنانەت لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵەوە سەرجەم فڕۆکەخانەکان داخران. هەر بۆیەش هەرێمی کوردستان نەک هەر خاک بەڵکوو ئاسمانیش و سامانی ژێر خاکەکەیشی لێ فەوتا و مەسعوود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کشایەوە و بەوەش گۆشەنشینیی سیاسیی بارزانی دەستی پێکرد.

پێشبینی دەکرا لە هەڵبژاردنی 2018ی پەڕلەمانی عێراقدا مەسعوود بارزانی بگەڕێتەوە ساحەی سیاسی و لە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەور بگێڕێت بەڵام پێشبینییەکان بە هەڵە دەرچوون و بارزانی وەکوو سەرکردە بەهێزترین حیزبی کوردیی عێراق نەک هەر بەشداریی میتینگ و کەرنەڤاڵەکانی پارتیی نەکرد بەڵکوو تەنانەت لە سەر سندووقی دەنگدانیش ئامادە نەبوو.

پرسیارەکە ئەمەیە: پەیامی ئەم گۆشەنشینییە سیاسییەی مەسعوود بارزانی چییە؟ لەو بارەیەوە سێ گریمانە دەخەینە ڕوو.

گریمانەی یەکەم: بارزانی لە بەر لێکەوتە و قۆناغی پاش ڕیفراندۆم و بەتایبەت ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبر و گەڕانەوەی دەوڵەتی مەرکەزی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و سەندنەوەی ئەو ناوچانە لە دەسەڵاتی کوردی، لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق تۆرا.

گریمانەی دووهەم: مەسعوود بارزانی نیگەران بوو لەوەی ئەگەر لەم خولەدا دەرکەوێت لە بەر لێکەوتەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبر ئەم جارەیان هێرشی حیزبە عێراقی و کوردستانییەکان دژ بە پارتی زیاتر ببێت و ئەوەش کگارتێکەریی ببێت لە سەر ژمارەی کورسییەکانی پارتی.

گریمانەی سێهەم: مەسعوود بارزانی بەنیازە سەرکردە گەنجەکانی پارتی بێنێتە مەیدان و دەوری زیاتر و بەرجەستەتریان پێ بگێڕێت.

لەم دەرنەکەوتنەی مەسعوود بارزانیدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆک و مەسروور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەوری یەکەم و دووهەمیان گێڕا و میتینگ و کارنەڤاڵی بانگەشەکانیان ئیدارە دەکرد. هەڵبەت هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەکوو کەسی یەکەمی و لیدری پارتی لەم خولەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق پاش شکست هێنانی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول جێی تێڕامانە.

هەڵوێست نواندنی نێچیرڤان بارزانی لە سەر پڕۆژەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و گۆشەنشینیی ناوبراو لەو قۆناغەدا کە بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم دەکرا و هەروەهاش دەرکەوتنی وەکوو نێژیارڤانی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزانی جیهان گرینگایەتیی کەسایەتیی نیچیرڤان بارزانی چەند قات دەکاتەوە.

دەکرێت خوێندنەوەی جۆربەجۆر بۆ ئەو گۆشەنشینییەی مەسعوود بارزانی بکەین. ڕەنگە بتوانین بە "ئەنجامی دۆڕاوێکی سیاسی یان تۆراوێکی پڕۆسەی سیاسی"ی بزانین ڕەنگە بەو گۆشەنشینییەی پەیامێکی ئاراستەی جەماوەری کورد و عێراق و جیهنان کردبێت یان ڕەنگە دەرنەکەوتنێکی حەکیمانە و بەڕاوێژ بووبێت بەڵام لە هەر ڕەهەندێکەوە خوێندنەوە بۆ ئەو گۆشەنشینییەی بارزانی بکرێت ئەنجامەکە یەک شتە، ئەوەش کاژ خستنی سەرکردایەتیی سیاسیی پارتییە پاش نزیکە 40 ساڵ کە مەسعوود بارزانی سەرکردەی ڕەهای ئەو حیزبە بوو.

ژمارەیێک لە سەرکردەکانی پارتی وتوویانە مەسعوود بارزانی سەرقاڵە بە داڕشتنی ستراتێژیی حیزبەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو و ئەوەش ئەو گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە کە پارتییش وەکوو دوو حیزبی یەکێتی و گۆڕان کە سەرکردە کاریزماتیکەکانی خۆیان لە دەست داوە بەنیازە ماڵئاوایی لە سەرکردە پێشووەکانی بکات. بەڵام دەبێت چاوەڕێی ڕۆژانی داهاتوو بکەین و بزانین ئایا مەسعوود بارزانی دەگەڕێتەوە ساحەی سیاسی و دەسەڵاتی حیزبەکەی بەدەستەوە دەگرێتەوە یان وەرچەرخانی سەرکردایەتیی پارتی دێتە دی. ئەوەی کام یەک لەو جووتە ئامۆزا (نێچیرڤان کوڕی ئیدریس بارزانی و زاوای مەسعوود بارزانی و مەسروور کوڕی مەسعوود بارزانی) لە قۆناغی داهاتوودا سەرکردایەتیی پارتی دەکەن بە بێ ئیرادەی مەسعوود بارزانی ناکرێت و بێ گومان ڕکابەریی نێوخۆ لە ئەنجامی ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان لەو بارەیەوە شوێندانەر دەبێت بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نەماوە ئەوەیە بنەماڵەی بارزانی لە لووتکەی دەسەڵات و سەرکردایەتیی پارتیدا دەمێنێتەوە.

News Code 14235

Your Comment

You are replying to: .
captcha