بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە شاندەکەی راگەیاندووە تەنیا دەتوانێ ئەو دەقە جێبەجێ بکات کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی پشکی کوردستان دایناوە، جگە لەوە ناتوانێ هیچ دەقێکی دیکە جێبەجێ بکات.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسند کردنی بودجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەنگە ئەمساڵ بودجە هەر پەسند نەکرێت، لە ساڵی 2019ـش لە مانگی 10 پەسندکرا و لە ساڵی 2020 بودجە هەر پەسند نەکرا." بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری پەسند نەکردنی بودجەش بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد سەفار رایگەیاندووە: "کازمی پێی گوتوون کار لەسەر ئەو دەقە دەکەن کە لەسەری رێککەوتوون، چوونکە ئەو دەقە لەسەر ئەنجامی رێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بووە".
بەشێک لە لایەنە شیعەکان پەسند کردنی بودجەیان بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەستووەتەوە، ئەحمەد سەفار لەو بارەوە دەڵێت: "لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییدا هاتووە کە دەبێت بودجە لە دانیشتنێکی دیاریکراودا پەسندبکرێت و نابێت لەگەڵ بابەتی دیکە تێکەڵبکرێت".
لە ماددەی 11ـی پرۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەست کردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، پێویستە داهاتی نەوتیی و نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، لە بەرامبەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەنێردرێت کە بە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینار دادەنرێت".
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چوونەتەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و پرسی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment