فێربوونی زمانی زگماکی ئەرکە و پشتگوێ خستنی خەیانەتە/ ناسێح مەحموودی

بەشی فەرهەنگ- بۆ سەرخستن و پێشکەوتنی زمانی دایکی لە کۆمەڵگا، مامۆستایێکی زمانی ئینگلیزی چەند داواکاریێک پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە لە درێژەدا دەقی یادداشتەکە دەخوێننەوە.

گەر بە وردی تەماشای ئایاتی قۆرئانی پیرۆز و وتە بەنرخەکانی پیغەمبەری ئازیز و زۆرێک لە کەسایەتی گەورەکانی مێژوو و هەروەها بەشێک لە بڕگە سەرەکیەکانی یاسای بنەڕەتی وڵاتە جیاوازەکان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە بایەخدان بە زمانی دایکی بە ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەزانن و ڕاێدەگەیەنن کە هیچ بیانوویەک نابێت ببێتە لەمپەر لە بەرامبەر فێر بوون و دەوڵەمەند کردن و پاراستنی زمانی دایکی.

جێگەی ئاماژەیە کە هۆکاری ئەوەی کە زمانی ئاخاوتنی مرۆڤ لە نێو هەموو نەتەوە و وڵاتەکاندا بە زمانی دایکی ناسراوە، بۆ ئەم ڕاستیە دەگەڕێتەوە کە هەروەها دایک پێگەی بەرز و ڕێزی تایبەتی هەیە و نابێت و ناکرێت بە هیچ بیانوویەک بێ ڕێزیی پێ بکریت، زمانی ئاخاوتنی مروڤ-یش وایە و نابێت هیچ تاک و بەرپرس و وڵاتێک بۆ ئاخاوتن و فێر بوون و دەوڵەمەند بوونی زمانی دایکی ئاستەنگ دروست بکات.

بۆ سەرخستن و پێشکەوتنی زمانی دایکی لە کۆمەڵگا، وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی و وەک پارێزەرێکی زوانی دایکی، ئەم داواکاریانە پێشکەشی لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەم و هیوادارم جێبەجێان بکەن:

۱. داواکارم هەموو مامۆستایانی ئایینی بە پشت بەستن بە کەلامی پێرۆزی خوای گەورە و فەرموودەکانی ڕێبەری ئیسلام، وتاری هەینیی جومعەیەک لە ساڵ کە نزیک بێت لە ڕۆژی زمانی دایکی تەرخان بکەن بۆ باسی پێگەی زمانی زگماکی لە ڕوانگەی ئیسلام و ئەرکی ئایینی موسڵمانان لەم بوارە.

۲. لە سەرجەم بەرپرسانی ناوەندەکانی پەروەردە و بارهێنان لە ناوچە کوردیەکان داوا دەکەم کە بە پێ یاسای بنەڕەتیی ئیران داوای خۆێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بکەن و دەستەبەر کردنی ئەم داواکاریە بە یەکێ لە ئامانجە بەرزەکانی خویان بزانن.

۳.بەرپرسانی دەنگ و ڕەنگی پارێزگا کۆردنشینەکان لە بواری گرنگی دان بە زمانی دایکی بە ئەرکی خویان هەڵسن و بە تەرخان کردنی بەرنامەی باش و تایەیبەت بۆ بووژانەوە و دەوڵەمەند کردنی زمانی دایکی لە هەموو بوارەکان ئەرکی خویان جێبەجێ بکەن.

۴. لە پسپۆڕان و کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی، مافناسی، زمانەوانی و دەرونناسی داوا دەکەم کە بە وردی باسی پێگەی زمانی کوردی لە کۆمەڵگا و خەسارەتەکانی نەزانین و نەخوێندن و پشت گوی خستنی بە تێر و تەسەلی بخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

۵. لە سەرجەم مامۆستایانی قوتابخانەکان بەتایبەت مامۆستایانی پولە سەرەتاییەکان و مامۆستایانێ کە وانەکانی فارسی و ئینگلیزی و عەرەبی لە خوێندنگەکان دەبێژنەوە، داوا دەکەم کە لە پاڵی وانەی کتێبەکانی خویان بایەخ بە زمانی دایکیی قوتابیان بدەن و ئەرکی خوێان لەم بوارە بە باشی جێبەجێ بکەن.

هیوادارم کە هەموومان لە ئاست زمانی دایکی بەرپرسیارانە هەڵس و کەوت بکەین و هەروەها پاراستنی پێگەی دایکمانە گرنگە، پێگەی زمانی دایک-یش لە لامان بەرز و گرنگ بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1110

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha