لە هەنگاوێکی سەمبۆلیک و جیاوازدا، گریلاکانی پ.ک.ک لە سلێمانی لەبری ڕادەست کردنی چەکەکان بە دەوڵەتی تورکیا، چەکەکانیان سووتاند. هەنگاوێک کە نەک هەر کوتایی لایەنی سەربازیی ئەم پارتە ڕادەگەیەنێت بەڵکوو هەوڵدانێکە بۆ مانەوەی سەربەخۆیی سیاسی و گەیاندنی پەیامی ئاشتی بە خواست نەک بە تەسلیم بوون.
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی دەستە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادداشتێکی کورتدا باس لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەی لە ئەشکەوتی جاسنە دەکات بە دووهەمین هەنگاوی مێژووی ئەو گرووپە وەسفی دەکات لە پێناوی هێنانەدی ئاشتی و چارەسەر کردنی پرسی کورد. ناوبراو پێوایە هەڵبژاردنی ئەم ئەشکەوتە کە سەد ساڵ پێش ئێستا پێگەی بەرخۆدانی شێخ مەحموودی حەفید لەدژی داگیرکاری بوود پەیامێکی سیاسییە بۆ تورکیا و جیهان.