بەشی کرماشان- لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەسپی کورد، کە لە یاریگەی ئینقلابی کرماشان لە دوو رۆژی رابردوودا بەڕێوەچوو، ۱۰۰ ئەسپی کورد پێشان دران.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسپی کورد بە بەهێزیی، هێمنی، ئاکاری باش، وریا و چاوگەش ناوبانگی هەیە. بەرپرسان هیوادارن ئەسپی کورد ببێتە هۆکاری گەشە و پەرەسەندنی پارێزگای کرماشان. ئەمە و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئەسپی کورد، هۆکارە سەرەکییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵەن، کە ڕەنگە رۆژێک لە ئاستێکی زۆر گەورەتردا بەڕێوەبچێت.
ئەسپی کوردی زیاتر لە کرماشاندا بەخێو دەکرێت، بەڵام لە سنە، ورمێ و لوڕستان و لە هەندێ لە پارێزگاکانی ئێراندا هەیە. ئەسپی کوردی لە ئاستی ئێراندا تۆمار کراوە، بەرپرسان ئێستا لە هەوڵدان لە ئاستی جیهانیشدا تۆماری بکەن، بۆ ئەوەی رێگە لە لەنێوچوونی بگیرێت و پەرەشی پێبدرێت.
ستار ئەڵماسی، سەرۆکی دەستەی سوارچاکانی پارێزگای کرماشان گوتی، دوای ئەوەی ئەسپی کوردی لە ئاستی نیشتمانیدا تۆمار کرا بتوانین بە ناوی کرماشان، کە ئاخێزگەی ئەسپی ڕەسەنی کوردە، ئەم میراتە دێرینە لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکەین."
لەو فێستیڤاڵەدا شاندێکی وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون و لەنێوان ئەو شاندە و پارێزگای کرماشاندا رێککەوتن کراوە، بازاڕچەی هاوبەشی ئەسپی کورد لەنێوان کرماشان و هەڵەبجەدا بکرێتەوە.
ستار ئەڵماسی، سەرۆکی دەستەی سوارچاکانی پارێزگای کرماشان گوتیشی، "بۆ پشتیوانی لە بەخێوکەر و بەرهەمهێنەرانی ئەسپی رەسەنی کورد و رەگەزەکانی دیکەی ئەسپی ئێران، یەکەمین ناوەندی فرۆشی بازاڕچەی ئەسپی رەسەنی کورد لە بازاڕچەی پەروێزخان بکەینەوە."
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەسپی کورد، مەترسیش لەسەری هەیە. جەهانبەخش شوکری، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیشەیی خاوەن ئەسپە کوردییەکانی کرماشان، پاییزی پار گوتبووی: لە رێی دەڵاڵەکان و لە رێی نایاساییەوە ئەسپی کوردی بۆ دەرەوە دەڕوات، بەڵام ئەمە لەلایەکی زیان بە مارکەی ئەسپی کوردی دەگەیەنێت و لەلایەکی دیکەشەوە زیان بە ژینەتیکی ئەسپ دەگەیەنێت.
بەگوتەی جەهانبەخش شوکری، تێچووی راگرتن و بەخێوکردنی ئەسپی کوردی زۆر گران بووە و لە هەوڵدان لە رێی هەناردەوە بەشێک لە خەرجییەکانی بەدەستبێننەوە.
Your Comment