بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بچنە شوێنی تۆپبارانەکەی گوندی پەرخی لە سنووری زاخۆ و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شوێنی رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین بەهۆی ئەو رووداوە ئازاربەخشە، ئەمە تاوانێکی گەورە و دوژمنکاریانەی ئاشکرایە بۆسەر گەلی عێراق".
بە گوتەی فوئاد حوسێن، بەپێی ئەو زانیاریانەی پێیان گەیشتووە: "تۆپبارانی ئەو شوێنە گەشتیارییە ئارامە بە تۆپهاوێژ لەلایەن تورکیاوە کراوە، ئەو گوندە گەشتیارییە جوانە بە چوار تۆپ کراوەتە ئامانج، بەهۆی ئەو کردەوە سەربازییە ترسنۆکانەیە ژمارەیەک کەس شەهید و برینداربوون، 9 کەس شەهید بوون کە لەنێوانیان منداڵ هەیە، لەگەڵ برینداربوونی 31 کەسی دیکە".
وەزیری دەرەوە عێراق دەڵێت ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە کێشەیەکی نێوخۆییە و هەناردەی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە: "کێشەیەکی روون و ئاشکرا لە تورکیا هەیە لەنێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان. هەردوولا ململانێیەکانیان بۆ نێو خاکی عێراق گواستووەتەوە".
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە تورکیا کرد سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق رابگیرێت و داوای لێبووردن لە گەلی عێراق بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکاتەوە.
فوئاد حوسێن ئەوەی نەشاردەوە کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە: سەرجەم رێکارە دیپلۆماسییەکان دەگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەنێو خاکی عێراق.
بەبڕوای وەزیرە کوردەکەی حکومەتی عێراق: "پرسی بەرگری کردن لەخۆکردن ئەرکێكی یاسایی و بەشێکە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەرکێکی یاساییە. حکومەتی تورکیا و سوپای تورکیا و هەندێک جار دەڵێن بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام تۆپبارانی گوندێکی ئارام و کوشتنی خەڵکی سڤیل و گەشتیار ئەمە نابێتە بەرگریکردن نییە لە خۆکردن".
Your Comment