کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 29 كانونى یەکەمى 2020، رەزا ئەردکانیان وەزیرى وزەى ئێران بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغدا و لەلایەن وەزیرى وزەى عێراقەوە پێشوازىی لێکرا.
لەسەردانەکەیدا وەزیرى وزەى ئێران لەگەڵ وەزیرى بازرگانى و بەرێوەبەرى بانکى ناوەندى کۆ بوویەوە و بڕیارە دواتریش لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا کۆ بێتەوە.
سەردانەکە لەکاتێکدایە، بەهۆی کەمیی غازی هەناردەکراوی ئێران، بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری عێراق دابەزیوە بۆ نیوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کەمیکردووە بۆ تەنها پێنج کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.
ئەحمەد عیبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە میانەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" (یەکشەممە، 27ی کانوونی یەکەمی 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە ڕایگەیاند، "بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی پارەی ئەو غازەی کە عێراق لە ئێرانەوە هاوردەی کردووە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، ئێران ڕێژەی غازی هەناردەکراوەی لە 50 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە بۆ تەنها پێنج ملیۆن مەترسێجا لە ڕۆژێکدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو ڕێژە غازەی کە لە ئێستادا ئێران هەناردەی عێراقی دەکات ناتوانرێت لەڕێگەیەوە پێداویستی وێستگەکانی کارەبای پێ پڕبکرێتەوە، ئەوەش وایکردووە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کەمبکرێتەوە بۆ پێنج کاتژمێر لەڕۆژێکدا".
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، "نەبوونی غازی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا وایکردووە ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە 19هەزار مێگاوات کەمبێتەوە بۆ 10 هەزار مێگاوات".
عیبادی جەختیلەوەشکردووەتەوە، "بۆ ئەوەی وەزارەتی کارەبا بتوانێت هاوشێوەی دۆخی جاران تەزووی کارەبا بدات بە هاووڵاتیان، دەبێت جارێکی دیکە ئێران وەک پێشوو غاز هەناردەی عێراق بکات، چونکە لە ئیستادا وەزارەتی کارەبای عێراق توانای دابینکردنی ئەو بڕە غازەی نییە".
Your Comment