یه‌کێتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ پێویست ده‌زانێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا یه‌کێتی دانووستان له‌گه‌ڵ پارتی و دیکه‌ی حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی هه‌رێمی کوردستانی به‌ پێویست زانی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی 28ی تشرینی یه‌که‌می 2018 به ‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی و به‌ ئاماده‌بوونی د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ چوو.

له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنرا و جه‌خت له‌ شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌ حوكمڕانی و جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور کرایه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپات كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغی نوێ سیاسی و حوكمڕانی عێراقدا به ‌گفتوگۆ و له‌ژێر ڕۆشناییی ده‌ستوور كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند چاره‌سه‌ر بكرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا و مه‌كته‌بی سیاسی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی نه‌خشه‌ڕێگای ڕوونی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كان و خزمه‌ت كردنی زیاتری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.

یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كوردستان ته‌وه‌رێكی‌تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ باشترین ڕێگایش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گفتوگۆی به‌رپرسیارانه‌یه‌ له ‌نێوان یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌تری كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و یه‌كێتی له‌م ڕوووه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39144

Your Comment

You are replying to: .
captcha